نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە دیدارێکدا لەگەڵ میرۆسلاڤ ڤاچۆڤسکی باڵوێزی نوێی ڤاتیکان، ستایشی ڤاتیکانی بۆ پاراستنی مەسیحییەکان و کولتووری لێبوردەیی لە هەرێم وەرگرت و پشتیوانیی خۆی بۆ سەرکەوتنی ئەرکەکەی دووپات کردەوە.
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، هەینی 15ی ئایار، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە بەڕێز میرۆسلاڤ ڤاچۆڤسکی، باڵوێزی نوێی ڤاتیکان لە عێراق کرد. لە دیدارەکەدا، نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی وەک باڵوێزی نوێی ڤاتیکان لێ کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست، هەروەها پشتیوانیی تەواوی هەرێمی کوردستانی بۆ سەرخستنی ئەرکەکەی دەربڕی.
لای خۆیەوە، میرۆسلاڤ ڤاچۆڤسکی ستایشی ڕۆڵی نێچیرڤان بارزانی و هەرێمی کوردستانی کرد لە پاراستنی مەسیحییەکان و برەودان بە کولتووری پێکەوەژیان و یەکترقبووڵکردن، ئاماژەی بەوەیش دا کە ڤاتیکان بە بایەخەوە لە سەقامگیری و گەشەپێدانی هەرێمی کوردستان دەڕوانێت.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە بە لانکەی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی ئایین و پێکهاتە جیاوازەکان دەمێنێتەوە.
لە بەشێکی تری دیدارەکەدا، هەردوولا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەکە و گرنگیی پەرەپێدانی پێوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ ڤاتیکان، بیروڕایان گۆڕییەوە.