31 بارمتەی سەر كەشتییە گیراوەكەی ئێران ئازاد كران

:: AM:08:43:16/05/2026 ‌
وەزیری دەرەوەی پاكستان ئاشكرای كرد، 11 هاووڵاتیی پاكستانی و 20 هاووڵاتیی ئێران كە وەك بارمتە لەسەر كەشتییە گیراوەكەی ئێران بوون، لەلایەن ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكاوە ئازاد كراون و گەڕێنراونەتەوە وڵاتەكانیان.

ئیسحاقدار وەزیری دەرەوەی پاكستان لە پۆستێكی لە تۆڕی ئێكس نووسیویەتی، ئەو 31 كەسە ئازادكراوە لە سەنگاپوورەوە سەرەتا نێردراونەتە بانكۆك، ئێوارەی دوێنێ گەیشتوونەتە ئیسلام ئاباد و 20 هاووڵاتییە ئێرانییەكەیش لە ڕێگەدان تا بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان.

دووپاتی كردەوە كە سەرجەم ئازادكراوەكان لە دۆخێكی تەندروستی زۆرباشدان و ورەیان زۆر بەرزە.

ئیسحاقدار نەینووسیوە كە ئەو ئازادكراوانە گیراوی سەر كام كەشتیی ئێران بوون، ئەمەیش لە كاتێكدایە پێشتر ئەمەریكا كەشتییەكی زەبەلاحی ئێرانی بە ناوی تۆسكا گرت، سەرجەم تیمی سەرنشینی فڕۆكەكەیش بە بارمتە لای ئەمەریكا مانەوە و ماوەی پێشوو ژمارەیەكی زۆری لێ ئازاد كردن.

دوای ڕاگەیاندنی گەمارۆی سەر بەندەرەكانی ئێران لەلایەن ئەمەریكاوە لە 13 نیسان/ئەپریل، ئەمەریكا ڕێگریی لە هاتن و چوونی كەشتی بە كەنداوی عومان و گەرووی هورمز بۆ بەندەرەكانی ئێران دەكات، بەهۆی هۆشداریی بەردەوامی هێزەكانی ئەمەریكایش بۆ ئەو كەشتییانەی دەچنە ئێران، تا بگەڕێنەوە و نەچنە بەندەرەكانی ئێران، زۆرجار پەراوێزخستنی ئەو هۆشدارییانەی هێزەكانی ئەمەریكا هەڵمەتی لە ناكاوی هێزەكانی ئەمەریكا و دەستگرتن بەسەر كەشتییەكانی لێ دەكەوێتەوە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د