حزبەكانی رۆژئاوای كوردستان: لە 210 كورسیی پەرلەمان كورد تەنیا چوار كورسیی بۆ دانراوە

:: AM:09:06:16/05/2026 ‌
حزب و لایەنە كوردییەكانی رۆژئاوای كوردستان ناڕازین لە رێژەی ئەو كورسییانەی لە پەرلەمانی سووریا بۆ ناوچەكانیان دانراوە و رای دەگەیەنن، ، ئەمە هەڵبژاردن نییە، بەڵكو دامەزراندن و دەستنیشانكردنە، ئەنجامەكانیش گوزارشت لە ئیرادەی سوورییەكان ناكات و سیاسەتی پەراوێزخستنی كورد دووبارە دەكەنەوە.

لە مانگی ئەیلوولی 2025ـەوە پرۆسەی هەڵبژاردن و دەستنیشانكردنی ئەندامانی پەرلەمانی سووریا (ئەنجوومەنی گەل)، لە ژێر چاودێری لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەكان دەستی پێ كردووە.

پەرلەمانی نوێی سووریا لە 210 كورسی پێكدێت، بەپێی بڕیاری فەرمیی حكوومەتی كاتی، شێوازی پڕكردنەوەی كورسییەكان بەم شێوەیە دەبێت:

140  نوێنەر لە ڕێگەی دەستەی هەڵبژاردنە خۆجێیەكانەوە لەسەر ئاستی پارێزگاكان هەڵدەبژێردرێن.
70 نوێنەر: ڕاستەوخۆ لەلایەن سەرۆكی كاتیی سووریا ئەحمەد شەرعەوە دەستنیشان دەكرێن.

تا ئێستە پرۆسەی هەڵبژاردن و دانانی ئەندامان لە زۆربەی پارێزگاكانی سووریا كۆتایی هاتووە، تەنیا دوو پارێزگا نەبێت كە هێشتا نوێنەرەكانیان یەكلا نەكراوەتەوە، ئەوانیش پارێزگاكانی حەسەكە و سوەیدان.

پارێزگای حەسەكە كە بەناوچەی ژێر دەسەڵاتی كورد ناسراوە، خاوەنی 13 كورسییە لە پەرلەماندا. دابەشكارییەكە بەم شێوەیەیە، پێنج كورسی لەلایەن ئەحمەد شەرعەوە دەستنیشان دەكرێن، هەشت كورسی  لە ڕێگەی هەڵبژاردنی ناوخۆیی و دەستەی هەڵبژاردنە خۆجێیەكانەوە پڕ بكرێنەوە، واتا كورد لە 210 كورسیی پەرلەمانی سووریا تەنیا هەشت كورسیی دەبێت، لەو رێژەیەش بەشی عەرەب و سریانی  ژێر دەسەڵاتی كوردیشیان تێدایە، بەبڕوای حزبەكان كورد تەنیا چوار كورسی بۆ دانراوە.

لە بەرانبەر ئەو رێژەیەی بۆ ناچە كوردییەكان دانراوە، هێز و پارتە سیاسییەكانی ڕۆژئاوای كوردستان، ناڕەزایەتیی خۆیان دەربڕی و دەڵێن،  ئەو پرۆسەیە لە ژێر ناوی (هەڵبژاردنی پەرلەمانی سووریا) بەڕێوە چووە ڕەت دەكەینەوە، ئەمە هەڵبژاردن نییە، بەڵكو دامەزراندن و دەستنیشانكردنە، ئەنجامەكانیش گوزارشت لە ئیرادەی سوورییەكان ناكات و سیاسەتی پەراوێزخستنی كورد دووبارە دەكەنەوە.

لایەنە كوردییەكان كە پێكهاتوون لە پارتی لیبراڵی كورد لە سووریا، پارتی سەوزی دیموكراتیك، پارتی ویفاقی دیموكراتی كوردی سووری، حزبی شیوعیی كوردستان، پارتی دیموكراتی كوردستان- سووریا، پارتی گۆڕانی دیموكراتی كوردستان، پارتی گردبوونەوەی نیشتمانی كوردستان.  پارتی پارێزگارانی كوردستان. پارتی ڕۆژی دیموكراتی كوردی لە سووریا و بزووتنەوەی نوێبوونەوەی كوردستان، داوای نوێنەرایەتییەكی ڕاستەقینەی گەلی كورد دەكەن كە لە 40 كورسی كەمتر نەبێت، تا هاوسەنگ بێت لەگەڵ ژمارەی دانیشتووان و مافە نەتەوەییەكانی كورد.




وشە - سۆران عەزیز