میدیایەكی ئیسرائیلی بڵاوی كردەوە، چاوەڕوان دەكرێ لە 24 سەعاتی داهاتوودا دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمەریكا، كۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی حكوومەتەكەی ساز بكات و بڕیاری كۆتایی لەبارەی ئەگەری وەشاندنی گورزێكی تری سەربازیی نوێ دژی ئێران دەدات.
كەناڵ 12ی ئیسرائیل لەگەڵ بڵاوكردنەوەی زانیاری لەبارەی بڕیاری ترەمپ لەبارەی دەستكردنەوە بە جەنگ دژی ئێران لە 24 سەعاتی ڕابردوو دووپاتی كردووەتەوە، ئیسرائیلییەكان بێ ئارامگرتن چاوەڕوانی بڕیاری ترەمپن، دڵنیان لەوەی كۆشكی سپی نزیكبوونەوە لە بڕیارێكی یەكلاكەرەوە لە دۆسیەی جەنگ و ململانێكان لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران.
بەگوێرەی خەمڵاندن و زانیارییەكانی تەلئەبیب، ئەگەری بڕیاردانی ترەمپ بۆ دەستكردنەوە بە ئۆپراسیۆنێكی تری سەربازی دژی ئێران زۆر نزیكە.
بەرپرسێكی باڵای
ئیسرائیل بۆ ئەو كەناڵە دەڵێ، دووبارە دەستكردنەوە بە جەنگ نزیكە لە یەكلابوونەوە و ئیسرائیل هەموو ئامادەكارییەكی تەواو كردووە، كە لە ڕۆژانی داهاتوو یان هەفتەكانی داهاتوو بۆردمانەكان دەست پێ بكەنەوە.
ئاماژەی داوە، ئەمەریكییەكان پەی بەوە دەبەن كە دانوستانەكان، پێشڤەچوون بەخۆیەوە نابینێت و لە تەلئەبیبیش ئێمە چاوەڕوانی بڕیاری ترەمپین، پێشبینی دەكەین لە 24 سەعاتی داهاتوویشدا ترەمپ بڕیارێكی یەكلاكەرەوە بدات.
ئەوەیشی خستەڕوو كە ئاماژەكان ئەوە دەردەخەن، ترەمپ مەیلی دووبارە كردەی سەربازیی دژی ئێران زیاترە، بۆ ئەوەی بەستەڵەكی دانوستانەكان بشكێنێت، ئەو بڕ و ژمارەی هێزەكانی ئەمەریكا كە ئێستە لە ناوچەكەدان، بژارەی فراوان بۆ جووڵەكردن دژی ئێران دەخەنە بەردەستی ترەمپەوە.
پێشتر ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمەریكی بڵاوی كردەوە، یاریدەدەرانی سەرۆكی ئەمەریكا، پلانێكیان بە چەند بژارەیەكەوە خستووەتە بەردەم دۆناڵد ترەمپ بۆ دەستكردنەوە بە جەنگ لە دژی ئێران، بژارەكانیش بردنی یۆرانیۆمی ئێران و گرتنی دوورگەی خارگ و بۆردمانی بنكە سەربازی و ژێرخانی ئێرانە، بەڵام تا ئێستە ئێران بڕیاری یەكلاكەرەوەی نەداوە.