كۆشكی كرملێن لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاوی كردەوە، لەسەر بانگهێشتی فەرمیی شی جین پینگی سەرۆكی چین، بڕیارە ڕۆژی سێشەم و چوارشەم كە دەكاتە 19 و 20ی ئەم مانگە ئایار/مایۆ، پوتین لە چوارچێوەی سەردانێكی فەرمی لە پەكین بێ و لەگەڵ شی جین پینگی سەرۆكی ئەو وڵاتە كۆ ببێتەوە.
لە بەشێكی
ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، وادەی ئەنجامدانی سەردانەكەی پوتین لەو كاتە بۆ نزیكبوونەوەیە لە ساڵوەگەڕی واژووكردنی پەیماننامەیەی دراوسێ باش و هاوڕێیەتی و هاریكاری لە نێوان ڕووسیا و چین لە 25ی ئەم مانگە دەگەڕێتەوە، كە ئەم ڕێككەوتنە بەڵگەیەكی بنەڕەتی و سەرەكییە بۆ پتەوكردن و بەهێزكردنی پێوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات.
لە میانەی سەردانەكە و كۆبوونەوەی نێوان ڤلادیمێر پوتینی سەرۆكی ڕووسیا و شی جین پینگی سەرۆكی چین، پێوەندییەكانی مۆسكۆ و پەكین و دۆسیەكانی نێودەوڵەتی تاوتوێ دەكرێت و لە كۆتاییشدا بەیانێكی هاوبەش واژوو دەكەن.
هاوكات لە سەردانەكەدا هەردوو سەرۆك بەشداریی ئاهەنگی كردنەوەی ساڵی خوێندنی ڕووسی- چینی دەدەن، بە جیایش ڤلادیمێر پوتین لەگەڵ سەرۆكی ئەنجوومەنی دەوڵەت لی چی یانگ بۆ لێكۆڵینەوە لە هاریكاری بازرگانی و ئابووری چین كۆ دەبێتەوە.
ئەو سەردانە دوای بانگهێشتێكی فەرمی شی جین پینگی سەرۆكی چین لە مانگی شوبات/فێبرایەری ڕابردوو دێت، كە داوای لە هاوتا ڕووسیەكەی كردبوو، لە ناوەڕاستی ئەمساڵ 2026 سەردانی چین بكات.
دوای سەردانی پوتین بۆ چین لە 31ی ئاب/ئۆگەستس تا سێی ئەیلوول/سێپتێمبەری 2025 ئەنجام درا، واتە لە ماوەی كەمتر لە ساڵێك پوتین ئەمجارە دووەم جاریەتی بچێتەوە پەكین.