وێڕای هۆشدارییەكەی ترەمپ.. تایوان دووپات لە سەربەخۆیی وڵاتەكەی دەكاتەوە

:: AM:11:53:16/05/2026 ‌
دوای چەند سەعات لە هۆشدارییەكەی ئەمەریكا بە تایوان بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی فەرمیی وڵاتەكەی، كەچی ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوەی تایوان لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند، ئەوان پێوەستن بە ولاتەكەیان وەك دەوڵەتێكی سەربەخۆ و خاوەن سەروەری.

پێگەی "عەرەبیە" ئەمڕۆ شەموو 16ی ئایار بڵاوی كردووەتەوە، دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا كۆتایی بە سەردانە مێژووەكەی بۆ چین هێنا و بەدوایدا لە لێدوانێك، هۆشداریی داوەتە تایوان كە باس لە راگەیاندنی فەرمیی سەربەخۆیی وڵاتەكەی نەكات. كەچی وەزارەتی دەرەوەی تایوان لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند، "تایوان دەوڵەتێكی دیموكراتی و خاوەن سەروەری و سەربەخۆیە، بەهیچ شێوەیەك سەربە كۆماری چینی میلیی نییە".

لە بەیاننامەكەی وەزارەتی دەرەوەی تایواندا ئەوەش هاتووە، فرۆشتنی چەك لەلایەن ئەمەریكا بۆ تایوان، لە چوارچێوەی ئەو بەڵێنانەیە كە ئەمەریكا بە تایوانی داوە، ئەویش بۆ ئەو هەڕەشە هەرێمییەی لەسەر وڵاتەكەیان هەیە. بەڵام لەلایەكی ترەوە ترەمپ رای گەیاند كە ئەمەریكا تا ئێستە بڕیاری فرۆشتنی چەكی بە تایوان نەداوە.

هاوكات چین مینگ چی جێگری وەزیری دەرەوەی تایوان هەر ئەمڕۆ شەموو رای گەیاند، فرۆشتنی چەك بە تایوان لەلایەن ئەمەریكاوە، بۆ ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەكەیە، ئەوەیش یاسای ئەمەریكا دووپاتی كردووەتەوە. ئەوەیشی بۆ رۆژنامەنووسان راگەیاند كە تایوان لەگەڵ لایەنی ئەمەریكی بەردەوام دەبێ، وێڕای ئەوەی تێگەیشتنی لەبارەی فرۆشتنی چەك لەلایەن ئەمەریكاوە بۆ وڵاتەكەی هەیە.

دوێنێش ترەمپ لە لێدوانێكدا رای گەیاند، تا ئێستە بڕیاری دەستەوارەی فرۆشتنی چەك بۆ تایوان نەداوە، بۆیە هۆشدایی دایە تایوان بۆ هەر هەنگاوێك بۆ راگەیاندنی فەرمیی وەك دەوڵەتێكی سەربەخۆ. ئەویش دوای ئەوەی بۆ ماوەی دوو رۆژ لەگەڵ سەرۆكی چین كۆبوونەوەی لووتكەی بەڕێوە برد. لەبارەی هۆشدارییەكەی دووپاتی كردەوە كە ئەو هەڵسوكەوتەی تایوان بۆ راگەیاندنی فەرمیی وەك دەوڵەتی سەربەخۆ، دیسان هەردوو وڵات ئەمەریكا و چین دەخاتە ناو ململانێكان.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د