فەرماندەی هێزە دەریاییە هاوبەشەكانی ئەمەریكا لە بەردەم لیژنەی هێزە چەكدارەكان لە ئەنجوومەنی پیران ئاشكرای كرد، گرووپە چەكدارەكانی ئێران لە ناوچەكە لە گەیشتنی كۆمەك و پشتیوانی لەلایەن ئێرانەوە دابڕێنراون و تەنیا ماونەتەوە، هەڵمەتی سەربازیی ئەمەریكایش تواناكانی ئێران و هەژموونی لە ناوچەكە بە تەواوی بچووك و كەم كردووەتەوە.
براد كووپەر فەرماندەی هێزە دەریاییە هاوبەشەكانی
ئەمەریكا ئەوەیشی گوت، بزووتنەوەی حەماس و حزبوڵای لبنانی و حووسییەكان لە یەمەن، بە تەواوی گۆشەگیر و دابڕێنراون و چیتر پشتیوانیان لەلایەن ئێرانەوە پێ ناگات.
زیاتر گوتی، ئەمەریكا سەركەوتوو بوو بە كەمتر لە 40 ڕۆژ، ئامانجە سەربازییەكانی لە ئێران بپێكێت و لە ئەنجامی ئۆپراسیۆنەكانیشمان، تواناكانی ئێران زۆر كەم بوونەتەوە و هەژموونی سەربازی و هەڕەشەكانیشی بۆ سەر وڵاتانی ناوچەكە و بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا بەرتەسك بوونەتەوە.
لە بەشێكی تری قسەكانیدا كووپەر گوتی، ئێران تا چەندان ساڵی داهاتوو ناتوانێ چەك و كەلوپەلی سەربازی بەو ئاستەی پێش جەنگ هەیبوو، نوێ بكاتەوە. زیاتر لە 90%ی بنكەكانی پیشەسازی جەنگی و بەرگری لە ئێران وێران كراون.
هاوكات فەرماندەكەی سوپای ئەمەریكا ئامادەیی 50 هەزار سەربازی لە ناوچەكە دووپات كردەوە، سەرەڕای ئاگربەست و دانوستان لەگەڵ ئێران. لە ماوەی 38 ڕۆژدا ئەمەریكا كاریگەری و وەبەرهێنانی 40 ساڵی ئێرانی لە بواری پیشەسازی سەربازی پووچەڵ كردەوە.