هاوپەیمانییەكی نوێ پێكدەهێنرێت و براكەی قەیس خەزعەلیش دەبێتە جێگری زەیدی

:: PM:02:49:16/05/2026 ‌
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوە سیاسییەكانەوە بڵاو دەكرێنەوە، هاوپەیمانییەكی نوێ پێكدەهێنرێت بە ناوی "هاوپەیمانی بەهێزەكان" دوای چەند مانگێكی تریش لەیس خەزعەلی برای قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتیی عەسائیب ئەهلی حەق، دەكرێتە جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق.

ئەمڕۆ شەموو 16ی ئایار، چەندان زانیاری لە میدیای عێراقی لەبارەی ناكۆكی لایەنە شیعەكان بڵاو كراوەتەوە و دواجار باس لەوە دەكرێت، ناكۆكیی لایەنە شیعەكان بەوە گەیشتووە هاوپەیمانییەكی نوێ پێكبهێنرێت بە ناوی هاوپەیمانی ئەقویا "بەهێزەكان" كە پێكهاتووە لە دەوڵەتی یاسا بە سەرۆكایەتی نووری مالیكی، رێكخراوی بەدر بە سەرۆكایەتی عامری، هاوپەیمانی عەتا بە سەرۆكایەتی فالح فەیاز، هەروەها جوولانەوەی سۆمەریون بە سەرۆكایەتی ئەحمەد ئەسەدی.

سەرچاوەكان باسیان لەوەیش كردووە عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق گەرەنتی بە ئەمەریكا داوە بۆ هەندێك لایەن كە یەكێك لەوان، بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەقە بە سەرۆكایەتیی قەیس خەزعەلی، كە خۆی و میلیشیاكەی لە لیستی سزادراوانی ئەمەریكادان.

گەرەنتییەكەیش ئەوەیە شەش مانگ چاودێری ئەو هێزە بكرێت و دواتر شایستەی خۆیان پێ بدرێت كە لەوانەیە پۆستی جێگری سەرۆكی حكوومەتیان پێ بدرێت، لەیس خەزعەلی برای قەیس لە پۆستەكە دابنرێت.

پێنجشەمی رابردوو لە پەرلەمان متمانە بە حكوومەتی زەیدی درا، كە تەنیا لە 14 وەزارەت پێكهاتووە و هێشتا هەندێك وەزارەت ماون یەكلا بكرێنەوە.
 



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل