لەدوای ئاگربەستە كاتییەكەی 8ی نیسانی رابردووەوە تا ئێستە یەك گەڕی دانوستانی راستەوخۆ لە نێوان ئەمەریكا و ئێران لە ئیسلام ئاباد بە ناوەندگیریی پاكستان ساز كراوە و ئەویش بێئاكام بوو، لەو ساتەوە هەڕەشە و گەمارۆی دەریایی ئەمەریكا بۆ ئێران بەردەوامە، ئێران دەڵێت پەیامیان لە ئەمەریكا بۆ دانوستان بەدەست گەیشتووە.
هەفتەی رابردوو دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا سەردانی چینی كرد و شارەزایان پێشبینی دەكەن دوای ئەو سەردانەی ترەمپ، دۆخی ئێران و مامەڵەكردنی ئەمەریكا گۆڕانكاری بەسەردا دێت،
عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران رای گەیاند كە وڵاتەكەی پەیامی لە ئەمەریكاوە بەدەست گەیشتووە و خواستی بەردەوامبوونی دانوستانەكانیان هەیە بۆ گەیشتن بە رێككەوتنێكی فرەوانی ئاشتی لە ناوچەكە.
روونی كردەوە، پەیامەكانی ئەمەریكا لە دوای وەڵامی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ وەڵامەكەی ئێران هاتووە، كە وەڵامەكەی ئێرانی بە قبووڵنەكراو وەسف كرد، دووپاتی كردەوە كە هیوادارن كۆشكی سپی بۆ ئەقڵ و لۆجیك بگەڕێتەوە.
ئەو قسانەی عێراقچی لە وەڵامی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا هات، كە هەفتەی رابردوو وەڵامی ئێرانی بۆ پێشنیازەكەی ئەمەریكا بە قبووڵنەكراو وەسف كرد.