لە دوای شكستهێنانی یەكەم گەڕی دانوستانی راستەوخۆی ئێران و ئەمەریكا لە پاكستان، ئەمەریكا لە 13ی نیسانی رابردوو گەمارۆیەكی تەندی دەریایی خستووەتە سەر بەندەرەكانی ئێران، ئەمڕۆ فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریكا رای گەیاند كە لەو ساتەوە ئاراستەی 78 كەشتییان گۆڕیوە و چوار كەشتیشیان پەك خستووە.
بەپێی بەیاننامەیەكی
سێنتكۆم، هەلیكۆپتەرەكانی ئەمەریكا چاودێریی كەشتییە بازرگانییەكان لە نزیك گەرووی هورمز دەكەن، ئەوەش لە چوارچێوەی هەوڵەكانی ئەمەریكا بۆ جێبەجێكردنی گەمارۆی دەریایی لەسەر ئێران، دووپاتی كردەوە، لە 13ی نیسانی رابردوو تا 16ی ئایار، رێڕەوی 78 كەشتی بازرگانیان گۆڕیوە و چوار كەشتیش پەك خراون.
هەفتەی رابردوو عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران دووپاتی لەوە كردەوە كە گەرووی هورمز لەبەردەم هەموو كەشتییە بازرگانییەكان كراوە دەبێت بێ هیچ بەربەست و كۆتێك كە رێگری لە هاتوچۆی دەریاوانی بكات، بەو مەرجەی هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزی دەریاوانیی ئێران بكرێت، ئەوەش وەك رێوشوێنێكی رۆتینی بۆ مسۆگەریی سەلامەتی و ئاسایشی تێپەڕبوون بە گەرووە ستراتیجییەكە.
هاوكات هەفتەی رابردوو نرخی نەوت بەهۆی هەواڵەكانی تێپەڕبوونی 30 كەشتی نەوتبەر بە گەرووی هورمز دابەزی، كاتێك ئاژانسی "فارس"ی نیوچە فەرمیی ئێران لە سەرچاوەیەكی گواستەوە كە ئێران دەستی كردووە بە رێگەدان بە تێپەڕبوونی هەندێك كەشتی چینی، رای گەیاند، ئەوەش وای كرد نرخی بەرمیلێك نەوت لە دنیا بە رێژەی 1.2% دابەزێت.