ئیسرائیل لە هێرشەكانی بۆ سەر باشووری لبنان بەردەوامە

:: PM:05:51:16/05/2026 ‌

دوای ئەوەی دوێنێ هەینی هەریەك لە لبنان و ئیسرائیل لە سێیەم گەڕی دانوستانە راستەوخۆكانیان لە واشنتن لەسەر درێژكردنەوەی ئاگربەستە كاتییەكەی نێوانیان بۆ 45 رۆژی تر رێك كەوتن، ئەمڕۆ سوپای ئیسرائیل زنجیرە هێرشێكی ئاسمانی كردە سەر بنكە بارەگەكانی حزبوڵا لە باشووری لبنان.

پێنجشەمی رابردوو سێیەم گەڕی دانوستانە راستەوخۆكانی لبنان و ئیسرائیل لەسەر ئاستی باڵوێزەكانیان لە بارەگەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لە واشنتن دەستی پێ كرد و دوو رۆژی خایاند، دوێنێ هەینی هەردوو وڵات لەسەر درێژكردنەوەی ئاگربەستی نێوانیان، كە سبەی یەكشەم كۆتایی دەهات، رێك كەوتن.

هاوكات لەگەڵ بەڕێوەچوونی دانوستانەكان و دووپاتكردنەوەی لبنان لەسەر وەستانی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لبنان و كشانەوەی هێزەكانی لە خاكی لبنان، بەڵام بەهۆی دانەماڵینی چەكی حزبوڵا هێرشەكانی ئیسرائیل بەردەوامە، خەڵكی چەند ناوچەیەكی لە باشووری لبنان وریا كردووەتەوە بەوەی ناوچەكانیان چۆڵ بكەن و بۆردمانیان دەكات، لەوكاتەی حزبوڵا لە هێرشی بۆ سەر هێزەكانی ئیسرائیل لە باشووری لبنان و لە باكوری ئیسرائیل بەردەوامە.

ئەمڕۆ ئاژانسی فەرمیی نیشتمانیی راگەیاندنی لبنان گوتی، ئیسرائیل دانیشتووانی چەند ناوچەیەكی لە باشووری لبنان لە دووری 50 كیلۆمەتر لە سنوورەكانی ئیسرائیل ئاگەدار كردووەتەوە بەوەی ئەو ناوچانە چۆڵ بكەن و بۆردمانیان دەكات، بە پاساوی بوونی ژێرخانی سەربازیی حزبوڵا، ئەوە لەوكاتەی لە سەرەتای دەست پێكردنی هێرشەكانی ئیسرائیل لە 2ی ئاداری رابردووەوە تا ئێستە زیاتر لە 2900 كەس لە لبنان كوژراون، 400یان لە دوای راگەیاندنی ئاگربەست بووە، جیا لە ئاوارەبوونی زیاتر لە ملیۆنێك لبنانی.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل