دوای مشتومڕێكی زۆر كۆتای هەفتەی رابردوو كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق و كارنامەی حكوومەتەكە لە پەرلەمانی متمانەیان پێ درا، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق یەكەم كۆبوونەوەی خۆی ساز كرد و ژمارەیەك بڕیاری دەركرد، راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەڵێت، هەوڵی بوونی پێوەندیی باشمان لەگەڵ هەمووان دەبێت بەرژەوەندیی عێراق لەپێش هەموو شتێكی ترە.
قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ئاماژەی كرد، شوێن و پێگەی جوگرافیی عێراق زۆر گرنگ و هەستیارە، عێراق هەوڵ دەدات پارێزگاری لە پێوەندییەكی هاوسەنگ لەگەڵ ئەمەریكا و ئێران بكات و نایەوێ ببێتە لایەن لە هیچ رووبەڕووبوونەوە و ململانێیەكی نێوانیان، سیاسەتەكەی بریتییە لە عێراق پێش هەموو شتێك.
روونی كردەوە، پێوەندییەكانی بەغدا لەگەڵ ئێران باش و ئەرێنییە، لەگەڵ ئەمەریكاش بە هەمان شێوە، ئێران وڵاتێكی دراوسێیە و 1450 كیلۆمەتر سنووری هاوبەشی لەگەڵ عێراق هەیە، لەوكاتەی ئەمەریكا هاوبەشێكی ستراتیجیی عێراقە و لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەرانبەر بە داعش لەپاڵ عێراق وەستایەوە.
ئەعرەجی دووپاتی كردەوە كە لە بەرژەوەندی عێراقە پێوەندیی هاوسەنگی لەگەڵ هەمووان هەبێت، هاوكات بەغدا سوود لە پێوەندییەكانی لەگەڵ هەردوولا دەبینێت بۆ لێكنزیككردنەوەی بۆچوونەكانیان و سووككردنی ناكۆكییەكانیان، ئاماژەی كرد كە حكوومەتی عێراق بە بەردەوام رای گەیاندووە كە گۆڕەپانی عێراق گۆڕەپانێك نییە بۆ شەڕ، بەڵكو گۆڕپانێكە بۆ بەیەكگەیاندن.