تسۆركۆڤ: لەكاتی رفاندنم لە عێراق زانیاریی زۆرم دەست كەوتووە

:: PM:08:21:16/05/2026 ‌

لە دوای گرتنی محەمەد باقر سەعدی سەركردەیەكی كەتیبەكانی حزبوڵای عێراق لە لایەن نووسینگەی لێكۆڵینەوەی فیدراڵی ئەمەریكی لە توركیا، ئەمڕۆ شەموو ئیلیزابێس تسۆركۆڤ توێژەرە رفێنراوە ئازادكراوە ئیسرائیلی بە رەگەز رووسییەكە رای گەیاند كە لەكاتی رفاندنی لە عێراق، رفێنەرەكانی زانیاریی زۆریان لەبارەی كارەكانیان پێ داوە، ئەویش ئەو زانیارییانەی داوەتە نووسینگەی لێكۆڵینەوەی فیدراڵی.

تسۆركۆڤ لە كۆتایی مانگی ئاداری 2023 لە بەغدا لە لایەن میلیشیاكانەوە هاتە رفاندن و لە ئەیلوولی 2025 ئازاد كرا، دوێنێ نووسینگەی لێكۆڵینەوەی فیدراڵی ئەمەریكی گرتنی محەمەد باقر سەعدی بەرپرسێكی كەتیبەكانی حزبوڵای عێراقی بە تۆمەتی پلاندانان بۆ 20 هێرشی تیرۆریستی لە ژمارەیەك دەوڵەتی ئەوروپایی و هێرشكردن بۆ سەر دامەزراوەی جووەكان لە ئەمەریكا گرت.

ئەمڕۆ شەموو ئیلیزابێس تسۆركۆڤ لە پۆستێك لە تۆڕی ئێكس نووسیویەتی، ئەو دەستكەوتەی نووسینگەی لێكۆڵینەوەی فیدراڵی بە گرتنی محەمەد باقر سەعدی، نەدەهاتە دی ئەگەر هەوڵی كارمەندانی ئەو دەزگایە نەبووایە كە كاریان لەسەر دۆسیەكەی كرد، كە یەكێك لە دیارترین كارمەندەكان لێكۆڵەری سەرەكی بوو لە دۆسیەی رفاندنم لە لایەن كەتیبەكانی حزبوڵاوە، ئەو كەسێكی بە ورە و بە زەیی و زیرەك و خاوەن زانیارییەكی فرەوانە، بەهۆی گرنگیی بۆ ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا بە سووربوونەوە كاری لەسەر دۆسیەكە كرد.

تسۆركۆڤ دووپاتی كردەوە، بەهۆی دەبەنگیی رفێنەرانم، ئەوان بڕێكی زۆر زانیارییان لەبارەی كردەكانیان پێ دام و منیش دوای ئازادبوونم پێشكەشی نووسینگەی لێكۆڵینەوەی فیدراڵیم كردن.     



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل