ئەمڕۆ شەموو 16ی ئایاری 2026، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا هۆشداری دا کە ئەگەر ئێران ڕێککەوتنێک لەگەڵ واشنتن واژوو نەکات، ئەوا ڕووبەڕووی "کاتێکی زۆر خراپ" دەبێتەوە. ئەو لێدوانانەش هاوکاتن لەگەڵ ئامادەکارییەکانی ئیسرائیل بۆ دەستپێکردنەوەی جەنگ دژی ئێران.
ترەمپ لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی (بی ئێف ئێم تی ڤی)ی فڕەنسی ڕای گەیاند، هیچ بیرۆکەیەکم نییە سەبارەت بەوەی ئایا ئێران ڕێککەوتنێک واژوو دەکات یان نا. هاوکات هۆشداری دا و گوتی، ئەگەر ئێران ڕێککەوتن نەکات، ڕووبەڕووی کاتێکی زۆر خراپ دەبێتەوە، بۆیە باشترە بۆ ئەوان کە ئەو ڕێککەوتنە ئەنجام بدەن.
ئەو لێدوانە توندانە لە کاتێکدان کە بەپێی کەناڵی 13ی ئیسرائیلی، ئامادەکارییەکان لە ناو ئیسرائیل بۆ دەستپێکردنەوەی جەنگ دژی ئێران گەییشتوونەتە لووتکە.
کەناڵەکە ئاماژەی بەوەش داوە کە ئیسرائیل خۆی ئامادە دەکات بۆ دەستپێکردنەوەی لێدانی ئەو ئامانجانەی لە ناو ئێراندا ماون، و ڕوونیشی کردووەتەوە کە پێشبینییەکان لە ئیسرائیل ئاماژە بە نوێبوونەوەی جەنگ لەگەڵ ئێران لەم نزیکانەدا دەکەن.
لە بەرانبەر ئەو پێشهاتانەدا، عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران ڕای گەیاند کە وڵاتەکەی پەیامی لە ئەمەریکاییەکانەوە پێ گەییشتووە، کە تێیدا ئارەزووی خۆیان بۆ بەردەوامیدان بە گفتوگۆکان نیشان داوە بە مەبەستی گەییشتن بە ڕێککەوتنێکی ئاشتیی گشتگیر لە ناوچەکەدا.
لەلایەکی ترەوە و بەپێی ئاژانسی "نوور نیوز"ی ئێرانی، ئیسکەندەر موئمینی وەزیری ناوخۆی ئێران و موحسین نەقەوی هاوتا پاکستانییەکەی لە تاران، گفتوگۆیان لەسەر پێوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و ئاسۆکانی دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی ئاشتی لەگەڵ ئەمەریکا کردووە.