ئەمڕۆ شەموو 16ی ئایاری 2026، تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران ڕای گەیاند کە هێزە دەریاییەکانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران، دەستیان بەسەر کەشتییەکی نەوتهەڵگری سەرپێچیکاردا لە گەرووی هورمز گرتووە، کە نزیکەی 450 هەزار بەرمیل نەوتی هەڵگرتبوو، بە تۆمەتی تێکدانی سیستمی ئابووریی ئێران و قاچاخچێتیکردن بە نەوتەوە.
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە داوە کە، کەشتییەکە هەوڵی هەڵاتنی داوە لە ڕێگەی گۆڕینی نیشانە بینراوەکان و شاردنەوەی ناوی ڕاستەقینەی، بەڵام هێزەکانی ئێران توانیویانە دەست بەسەر کەشتییەکەدا بگرن و بارە نەوتەکەی بگەڕێننەوە.
میدیای ئێران ئاماژەی بەوەش داوە کە چاودێریکردن لە گەرووی هورمز بەشێوەیەکی بەردەوام لە ڕێگەی دەورییەی دەریایی و سیستمی زیرەکەوە ئەنجام دەدرێت، و دووپاتی کردەوە کە، کۆنترۆڵی ئێران بەسەر جووڵەی هاتوچۆ لە گەرووەکەدا هێشتا بەردەوامە، و هاتوچۆ لە ڕێگەی ڕێڕەوە پەسەندکراوەکانی باشووری هەردوو دوورگەی هورمز و لارکەوە ڕێک دەخرێت.
هەروەها ڕای گەیاندووە کە، کەشتییە ئەوروپییەکان چوونەتە ناو دانوستانی ڕاستەوخۆوە لەگەڵ هێزە دەریاییەکانی ئێران، ئەوەش دوای تێپەڕبوونی کەشتییەکانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا بە ناو گەرووەکەدا. ئاماژەی بەوەش داوە کە ژمارەیەک لە دەریاوانە ئەوروپییەکان ستایشی پابەندبوونی ئێرانیان کردووە بە یاساکانی دەریاوانی و هاوئاهەنگیکردن بۆ دەستەبەرکردنی پەڕینەوەی سەلامەت.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، هێزی دەریایی ئێران دووپاتی کردووەتەوە کە، "توانایان هەیە داواکاریی ئەو کەشتییانە جێبەجێ بکەن کە دەیانەوێت بە گەرووەکەدا تێپەڕ بن و پاراستنی پێویستیان بۆ دەستەبەر بکەن."