هەڕەشەی ترەمپ بۆ ئێران: رێككەوتن یان رەشەبا؟

:: PM:12:50:17/05/2026 ‌
سەرۆكی ئەمەریكا ئەمڕۆ وێنەیەكی هەڕەشەئامێزی بڵاو كردووەتەوە و لەسەری نووسیویەتی "بێدەنگی بەر لە رەشەبا". چاودێران پێیان وایە بڵاوكردنەوەی ئەو وێنەیە، ئاماژەیە بۆ لێدانی زیاتری ئێران یان هاتنی بۆ سەر مێزی دانوستان.

پێگەی  ئەلیكترۆنیی رۆژنامەی رۆژانەی "ئەهرام"ی میسری، ئەمڕۆ یەكشەم 17ی ئایار بڵاوی كردووەتەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا ئەمڕۆ وێنەیەكی لە رێگەی "تروس سوشیال" بڵاو كردووەتەوە و تێیدا بۆ ئێران نووسیویەتی، "بێدەنگی بەر لە رەشەبا"، لە وێنەكەدا كەشتییەكانی ئێران دەبینرێت و چاودێران پێیان وایە ئەو هەڕەشەیە، ئاماژەیە بۆ دووبارە لێدانی ئێران.

هاوكات سەرۆكی ئەمەریكا لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵی "بی ئێف ئێم تی ڤی" رای گەیاند، ئەو نازانێ تا چەند ئێران دەگاتە رێككەوتن، باشترە رێككەوتن بكات و خۆیان تووشی دۆخێكی ئەستەم نەكەن. ئەوەیش وەك ئاماژەیەك كە پاڵەپەستۆی ئەمەریكا لەسەریان بەردەوام دەبێت.

لەلایەكی تریشەوە بەرپرسێكی باڵای ئیسرائیلی بۆ كەناڵی "13"ی وڵاتەكەی رای گەیاند، ئامادەكارییەكان بۆ لێدانی ئێران گەیشتووەتە ئاستی زۆر پێشكەوتوو.

ئەوەشی گوت كە ئامانجیان لە هەر ئۆپراسیۆنێكدا، لاوازبوونی زیاتری ئێرانە تا ناچاری بكەن بگەڕێتەوە بۆ سەر مێزی دانوستان و سازشی زیاتر بكەن، بۆ ئەوەیش پلانیان هەیە دامەزراوە ستراتیجییەكان بكەنە ئامانج كە ژێرخانی وزە و غاز و كارەبا دەگرێتەوە ئەگەر هێرشەكانیان دەست پێ بكەنەوە.




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د