لە پرۆسە ئاشتییەكەی توركیادا كورد نیگەران بووە و هاوسەرۆكی دەم پارتی رای گەیاند، تەنیا لایەنی كوردی هەنگاوی ناوە و هیچیتر نەكراوە.
تونجەر باكرهان هاوسەرۆكی دەم پارتی لە میانەی بەشداریكردنی لە ڕێپێوانی "لە پێناو ئاشتی هەنگاو بنێ" لە ئەنكەرە ڕای گەیاند، لەو پرۆسە ئاشتییەی كە لە كۆتایی 2024ـەوە دەستی پێ كردووە، تەنیا لەلایەن كوردەوە هەنگاو نراوە.
باكرهان ڕەخنەی لە دەسەڵات و دەوڵەت گرت كە تا ئێستە هیچ هەنگاوێكی كردەییان نەناوە. دووپاتی كردەوە كە ئاشتی بە هەنگاوی یەكلایەنە سەرناگرێت.
ئەوە لە كاتێكدایە هەفتەی پێشوو شاندێكی باڵای میتی توركی چوونەتە قەندیل و گفتوگۆیان لەبارەی چەكدانان و خۆرادەستكردنەوەی ئەندامانی پەكەكە كردووە، بەڵێنیان داوە بەیاسا كێشەی كورد و پەكەكەش چارەسەر بكرێت.
هاوسەرۆكی پارتی دەم ئاماژەی بەوە كرد، لە كاتێكدا لە ڕاپۆرتەكەی پەرلەمان باس لە جێبەجێكردنی بڕیارەكانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا و دادگای دەستووریی توركیا دەكرێت، بەڵام تا ئێستە سیاسییەكانی كورد وەك دەمیرتاش، یوكسەكداغ، نازمی گویلەر و لەیلا گویڤەن لە گرتووخانەدا ماون.
لای كورد هەنگاوی یەكەم بۆ نیازپاكی دەوڵەت ئەوەیە گیراوانی سیاسی ئازاد بكرێن و كۆتایی بەقەیوم بێت، زمانی كوردی كە 100 ساڵە قەدەغە كراوە، رێگەی پێ بدرێت لە شارە كوردییەكان بخوێنرێت. بەڵام دەوڵەت تا ئێستە ناوی لە پرۆسەكە ناوە توركیایەكی بێ تیرۆر و ئامادە نییە ددان بەو كێشانەی كورددا بنێت.