لە كاتێكدا كارەبا لە خراپترین دۆخدایە وەزیری كارەبای عێراق بەڵێنێكی سەخت دەدات

:: PM:01:24:17/05/2026 ‌
لە كاتێكدا شارەزایانی كەرتی كارەبا دەڵێن كارەبا لە عێراق لە دۆخێكی زۆر خراپدایە، كەچی عەلی سەعید وەهیب كە بە گەنجترین وەزیری عێراق دادەنرێت، بەڵێنی چارەسەركردنی كێشەی كارەبا دەدات بێ ئەوەی میكانیزمی چارەسەری روون بكاتەوە.

ئەمڕۆ یەكشەم 17ی ئایار، عەلی سەعدی وەهیب وەك وەزیری كارەبا دەستبەكار بوو، وەهیب لە لێدوانێكدا گوتی، "ئەركی نیشتمانیم خزمەتگوزارییە، لەسەر ئەو بنەمایە متمانەی هاووڵاتییان بەدەست دەهێنین و چارەسەر دادەنێین كۆتایی بە مەینەتی تەنگژەی كارەبا دەهێنین".

دۆسیەی كارەبا یەكێكە لە دۆسیە ئاڵۆزەكانی عێراق و لە دوای 2003 وە نزیكەی 100 ملیار دۆلار بۆ چاككردنی كارەبا خەرج كراوە، كەچی رۆژ لە دوای رۆژ ئاڵۆزتر دەبێت و دوایین جاریش چەند رۆژێك لەمەوبەر، محەمەد نیعمە بریكاری وەزارەتی كارەبا گوتی، "بارودۆخی كارەبا زۆر خراپە" بە هۆی كەمبوونەوەی ئاستی بەرهەمی گاز و كەمبوونەوەی هاوردەی گازی ئێران. سەرەڕای ئەمانەیش عێراق لە وەرزی هاوین نزیك دەبێتەوە و خواستی هاووڵاتییان بۆ كارەبا زیاد دەكات.
 



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل