سبه‌ی ترەمپ لەگەڵ ڕاوێژكارانی بۆ هێرشكردنە سەر ئێران كۆ دەبێتەوە

:: AM:09:18:18/05/2026 ‌
پێگەیەكی ئەمەریكی بڵاوی كردەوە، چاوەڕوان دەكرێ سبەی سێشەم دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمەریكا، لەگەڵ گەورە ڕاوێژكارانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی كۆ ببێتەوە و تاوتوێی وەشاندنی گورزی سەربازی لە دژی ئێران دەكەن.

پێگەی ئەكسیۆس لە زاری بەرپرسانی ئەمەریكاوە بڵاوی كردەوە، چاوەڕوان دەكرێ سێشەم سەرۆكی ئەمەریكا لە ژووری ئۆپراسیۆنەكان، لەگەڵ گەورە ڕاوێژكارانی ئاسایشی نەتەوەیی كۆ ببێتەوە و بژارەكانی كردەی سەربازی دژی ئێران دەخرێنە بەرباس و بە وردی تاوتوێ دەكرێن.

بڵاوبوونەوەی زانیاری لەسەر ئەو كۆبوونەوەیە لە كاتێكدایە، شەوی ڕابردوویش دۆناڵد ترەمپ و بنیامین نەتەنیاهۆ بە تەلەفۆن ماوەی نیو سەعات گفتوگۆیان لەبارەی ئەگەری دەستكردنەوە بە بۆردمانكردنی ئامانجەكانی ژێرخانی وزە لە ئێران كرد.

هاوكات سەرچاوەیەكی ئیسرائیلی بۆ دەستەی پەخشی وڵاتەكەی دووپاتی كردەوە، ئیسرائیل ئامادەكارییەكانی جەنگی تەواو كردووە و بە هاوبەشی لە نێوان سوپای ئەمەریكا و ئیسرائیل گورزێكی تری سەربازی دەوەشێنرێتە كۆماری ئیسلامیی ئێران.

تا ئێستە كات و وادەی دەستكردنەوە بە بۆردمانەكان ڕوون نییە، بەڵام هەوڵەكان بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتن لە ڕێی گفتوگۆ و دانوستانەوە بە بنبەست گەیشتوون، جیا لە دەستكردنەوە بۆ بۆردمانكردنی ئێران، هیچ بژارەیەكی تر لە بەردەم ترەمپ بوونی نییە.



وشە - باز ئه‌حمه‌د