هەواڵگریی توركیا و سەرانی قەندیل هه‌نگاوه‌كانی پرۆسه‌ی ئاشتیان تاوتوێ كرد

:: AM:09:26:18/05/2026 ‌
میدیاكانی توركیا بڵاویان كردەوە، هەواڵگریی توركیا و سەرانی قەندیل گفتوگۆیان لەسەر نەخشەڕێیەك كردووە تا پرۆسەی داماڵینی چەك لەسەر ئەو نەخشەڕێیە بەڕێوە بڕوات، لە تەك ئەوەیشدا ئەنكەرە هەنگاو بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخەكە لە ڕێی دەركردنی یاساوە دەنێت.

شاندێكی تەناهی ئاست باڵای توركیا كە لە بەرپرسانی هەواڵگری و دەزگە تەناهییەكانی توركیا پێكهاتبوون بە هاوبەشی پێوەندییان بە سەركردەكانی پەكەكە لە قەندیل كردووە و داوایان لێ كردوون كە پلانی چەكداماڵین و چۆڵكردنی ئەشكەوتەكان و كۆگەكانی چەك و تەقەمەنی و لیستی چەك و جبەخانەیان ئامادە بكەن.

چاوەڕوان دەكرێ سەركردەكانی قەندیل لە ماوەی هەفتەیەك تا 10 ڕۆژی تر نەخشەڕێیك بۆ ئەو مەبەستە پێشكەشی ئەنكەرە بكەن،  لە بەرانبەردا ئەنكەرە كار دەكات بۆ دەركردنی یاسا و دۆزینەوەی چوارچێوەی یاسایی و كارگێڕی پێوەست بە هەنگاوەكانی گەڕاندنەوەی چەكدارانی پەكەكە بۆ وڵات و ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكان.

هەردوولا لە گفتوگۆكان ڕێككەوتوون هەنگاو بە هەنگاو لەلایەن هەردوولاوە پرۆسەكە بەردەوامی پێ بدرێت، پەكەكە ڕێوشوێنەكانی چەكداماڵین و چۆڵكردنی ئەشكەوتەكان و چەك و جبەخانەی جێبەجێ دەكات و لە هەمان كاتدا ئەنكەرەیش ڕێوشوێنی یاسایی و كارگێڕی بۆ پێشوازی لە ئاشتبوونەوە و گەڕانەوەی چەكدارانی پەكەكە بۆ زێدی خۆیان دەگرێتەبەر. ئامانج لەو كارەیش بریتییە لە دروستكردنی متمانە لە نێوان هەردوولا، تا هیچ لایەك بە تەنیا پێشڤەچوون لە هەنگاوەكان نەنێت، بگرە هەردوولا هاوتەریب لەگەڵ یەكتر هەنگاو بە هەنگاو دەچنە پێشەوە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د