تۆڕی سی ئێن ئێنی ئەمەریكی لە زاری سەرچاوە ئاگادارەكانەوە بڵاوی كردەوە، وەزارەتی جەنگی ئەمەریكا لیستی ئامانجەكان بۆ بۆردمانكردن لە ئێران ئامادە دەكات، تا لە ئەگەری فەرمانی سەرۆك بۆ دەستكردنەوە بە ئۆپراسیۆنی سەربازی، فڕۆكە جەنگییەكان ئەو ئامانجانە بە چڕی بپێكن و وێرانیان بكەن.
لە ڕاپۆرتێكی سی ئێن ئێندا هاتووە،
پنتاگۆن زنجیرەیەك پلان و ئامانجی سەربازی ئامادە كردووە، لە ئەگەری بڕیاری سەرۆك بۆ دووبارە دەستكردنەوە بە هەڵمەتی سەربازی دژی ئێران، لەلایەن سوپای ئەمەریكاوە ئەو پلان و ئامانجانە بە وردی جێبەجێ دەكرێن.
سەرچاوە ئاگادارەكان دووپاتیان لەوە كردووەتەوە، ئەو ئامانجانەی پنتاگۆن دیاری كردوون، ژێرخانی وزەی ئەو وڵاتە و ژێرخانی ئاوەدانی ئێران لەخۆ دەگرێت.
بەگوێرەی زانیارییەكانی ئەو میدیا ئەمەریكییە، دوێنێ یەكشەم ترەمپ پلان و هەنگاوەكانی داهاتووی لەگەڵ ئێران لەگەڵ گەورە بەرپرسانی حكوومەتەكەی تاوتوێ كردووە، كۆبوونەوەیەك لە یانەی گۆلفی ترەمپ لە ویلایەتی ڤیرجینیا ئەنجام دراوە، هەریەك لە جێگری سەرۆك جەی دی ڤانس و جۆن راتكلێف سەرۆكی دەزگای هەواڵگریی ئەمەریكا و ستیڤ ویتكۆف نێردەی تایبەتی كۆشكی سپی ئامادەی بوون.
وردەكاری كۆبوونەوەكە تا ئێستە نەزانراوە، بەڵام ئاماژەكان ئەوە دەردەخەن كە ترەمپ بە تەواوی لە گەیشتن بە ڕێككەوتن لە ڕێی دانوستانەوە بێ ئومێد بووە، بەردەوامبوونیش لە گەمارۆدانی ئێران كاریگەری لەسەر نرخی نەوت لە دنیا دروست دەكات و تەنگژەی ئابووری قووڵتر دەكاتەوە.