دەوڵەت باخچەلی: رۆڵی زیاتر بدرێتە ئۆجەلان بەڵام نەك وەك نوێنەری كورد.. لە گرتووخانەش بمێنێتەوە

:: AM:11:44:18/05/2026 ‌
سەرۆكی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) پێشنیاز دەكات، نازناوی هاوئاهەنگیكاری پرۆسەی ئاشتی و كاری سیاسی بدرێتە عەبدوڵا ئۆجەلان، بە مەرجێك سزای گیرانەكەی تەواو بكات.

 لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی (توركگون)، دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی "مەهەپە" وردەكاریی نوێی لەبارەی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا باس كرد.

باخچەلی رای گەیاند، بە مەبەستی هەڵوەشاندنەوەی پەكەكە و كۆتاهێنان بە چەكداری، پێشنیاز دەكات نازناوی هاوئاهەنگیكاری پرۆسەی ئاشتی و كاری سیاسی بدرێتە عەبدوڵا ئۆجەلان، بە مەرجێك سزای گیرانەكەی وەك خۆی بمێنێتەوە.

سەرۆكی مەهەپە روونیشی كردەوە، بۆ ئەوەی رێگریی لە دەستێوەردانی دەرەكی و دروستبوونی فرەدەنگی لەناو پەكەكەدا بكرێت، پێویستە دامەزرێنەری رێكخراوەكە خۆی سەرپەرشتیی پرۆسەی چەكدانان و هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتیی رێكخراوەكە بكات. 

باخچەلی ئاماژەی بەوە دا، ئۆجەلان بەم نازناوە نابێتە نوێنەری كورد یان بەرگریكار لە مافە نەتەوەییەكان، بەڵكو تەنیا وەك هاوئاهەنگیكارێك بۆ كۆتاهێنان بە چەك كار دەكات.

 لە كۆتاییشدا ئاماژەی بەوە كرد، توركیا گەیشتووەتە قۆناغێكی گرنگ بۆ بنبڕكردنی تیرۆر، پێویستە لە رێگەی میكانیزمێكی یاسایی و سیاسییەوە ئەم دەرفەتە بقۆزرێتەوە بۆ بەهێزكردنی دیموكراسی و برایەتی لە وڵاتدا.

باخچەلی ئەمە دووەم جارە باسی عەبدوڵا ئۆجەلان وەك جێبەجێكاری پرۆسەی چارەسەری ناو دێنێت، بەڵام بەقسەكانیان وا دیارە دەیانەوێت پەكەكە چارەسەر بكەن بەبێ ئەوەی هیچ بدەن، چونكە دەڵێت ناكرێت لە پرۆسەكە باسی بابەتە نەتەوەییەكان بكرێت.




وشە - سۆران عەزیز