پاكستان پێشنیازێكی هەمواركراوی ئێرانی گه‌یانده‌ ئەمەریكا

:: PM:12:13:18/05/2026 ‌
سەرچاوەیەكی پاكستانی ئەمڕۆ دووشەم بۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز ئاشكرای كرد، درەنگانی شەوی ڕابردوو ئیسلام ئاباد پێشنیازێكی دەستكاریكراوی ئێرانی بۆ كۆتاهێنان بە جەنگ، داوەتە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا.

ڕەوانەكردنی ئەو پێشنیازەی ئێران بۆ ئەمەریكا دوای ئەوە دێت، زۆر لە میدیاكانی ئیسرائیل و ئەمەریكا  لە ڕێگەی سەرچاوەی بەرپرسەوە، دووپات لە ئامادەكاریی تەواوی واشنتن و تەلەئبیب بۆ وەشاندنی گورزێكی تری سەربازی لە ئێران دەكەنەوە.

ئەو سەرچاوە پاكستانییە بۆ ڕۆیتەرز لەبارەی ئەوەی تا چەند كاتی دەوێ تا ئەمەریكا وەڵامی ئەو پێشنیازە دەداتەوە، گوتی، كاتی زۆرمان لە بەردەست نییە و هەردوو وڵات بەردەوامن لە گۆڕینی مەرجەكانیان بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتن.

تا ئێستە گەیشتن بە ڕێككەوتن لە نێوان واشنتن و تاران بە دوور دەبینرێت، هەردوولایش بەردەوامن لە هەڕەشەكردن لە یەكتر، تا ئێستەیش ڕوون نییە ئەو هەڕەشانە ئامانج لێی دەستپێكردنەوەی جەنگە، یان گوشار خستنەسەر یەكتر بۆ سازشكردن و ڕازیبوون بە مەرجەكانی یەكتر.




وشە - باز ئه‌حمه‌د