وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا: پەترایۆس وەك هاووڵاتییەكی ئاسایی سەردانی عێراقی كردووە

:: PM:02:40:18/05/2026 ‌
وێڕای ئەو زانیارییانەی لەسەر سەردانەكەی دیڤید پەترایۆس بڵاو دەكرێنەوە كە لەگەڵ چەندان سەركردەی عێراق كۆبووەوە، كەچی سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا دەڵێ‌، "پەترایۆس وەك هاووڵاتییەكی ئاسایی سەردانی عێراقی كردووە و هیچ پۆستێكی فەرمی لە شاندی ئەمەریكا لە عێراق نییە".

ماوەی دوو هەفتەیە لە میدیاكانی عێراق و دەرەوە دەنگۆی ئەوە بڵاو دەكرێتەوە، دیڤید پەترایۆس فەرماندەی پێشووی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆ دانانی میكانیزمی چەككردنی میلیشیاكانی عێراق سەردانی ئەو وڵاتە دەكات. 

رۆژێكیش دوای پێدانی متمانە بە حكوومەتی عەلی زەیدی، پەترایۆس گەیشتە بەغدا و لەگەڵ بەرپرسانی عێراق كۆبووەوە، كەچی ئەمڕۆ دووشەم 18ی ئایار سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لە لێدوانێكی رۆژنامەوانی بۆ ماڵپەڕی شەفەق نیوز دەڵێ‌، "دیڤید پەترایۆس هاووڵاتییەكی ئاساییە و هیچ پۆستێكی فەرمی لە شاندی نوێنەرایەتی ئەمەریكا لە عێراقدا نییە".

 پێشتر لە راپۆرتێكی "وشە"دا باس لەوە كراوە، جەنەراڵ پەترایۆس لە ساڵی 1952 لە ئەمەریكا لە دایك بووە و لە 1974 تا 2011 لە ریزەكانی سوپای ئەمەریكا كاری كردووە، لە 2007 تا 2008 بەرپرسی تەواوی هێزەكانی هاوپەیمانان بووە لە عێراق، دواتر بەرپرسی تەواوی هێزەكانی ئەمەریكا بووە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئینجا بەرپرسی هێزەكانی ئەمەریكا بووە لە ئەفغانستان و دواتر خانەنشین بووە.



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل