میدیای عێراقی باس لەوە دەكات، لەگەڵ دەستبەكاربوونی زەیدی وەك سەرۆك وەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان، دۆسیەی بنكە ئیسرائیلییەكان دەیخاتە حاڵەتێكی لە ناكاو، بۆیە بەپەلە زەیدی لەگەڵ بەرپرسان كۆ دەبێتەوە، چونكە ئەم دۆسیەیە بە هەستیارترین و ترسناكترین دۆسیەی هەنووكەیی عێراق دادەنرێت.
ئەمڕۆ دووشەم 18ی ئایار،
میدیای عێراقی بڵاوی كردووەتەوە، عەلی زەیدی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان، لەگەڵ بەرپرسانی سەربازی و ئاسایش و هەواڵگری كۆ بووەتەوە و داوای كردووە بەپەلە پلانێك دابنرێت بۆ ئەوەی پشكنین و بەدواداچوون بۆ بیابانی رۆژئاوای عێراق بكرێت.
بە بڕوای كەناڵی
وەن نیوزی عێراق، ئەم هەنگاوەی زەیدی دوای ئاشكرابوونی دۆسیەی بنكە ئیسرائیلییەكان دێت، بە تایبەتی دوای ئەوەی دوێنێ رۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمەریكای ئاشكرای كرد، زیاتر لە بنكەیەكی سەربازی و ئاسمانی ئیسرائیل لە عێراق هەیە.
هەمان كەناڵ ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، ئەم بابەتە بۆ حكوومەتی نوێی عێراق زۆر هەستیارە، جیا لەوەی مەترسیدارە بۆ ئاسایشی عێراق، لە هەمان كاتدا دەبێتە پاساوێك بۆ میلیشیاكانی عێراق بۆ ئەوەی دەستبەرداری چەكەكانیان نەبن.
میدیای ئەمەریكی و ئیسرائیلی لە چەند رۆژی رابردوودا ئاشكرایان كرد، دوو بنكەی سەربازی ئیسرائیل لە عێراقدا هەیە و یەكێكیان لە ساڵی 2024 وە دانراوە، بە نهێنی كاریان كردووە بۆ هاوكاریكردنی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل و لە شەڕی ئیسرائیل و ئێرانیش بەكار هاتوون.