حەماس محەمەد عۆدە وەك فەرماندەی نوێی باڵە سەربازییەكەی دیاری دەكات

:: PM:05:45:18/05/2026 ‌

بەپێی چەند سەرچاوەیەكی ناو بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی لە كەرتی غەزە، لە دوای كوژرانی عزەدین حەداد فەرماندەی كەتیبەكانی عزەدین قەسام ،باڵی سەربازیی بزووتنەوەكە لە غەزە لە هەینی رابردوو لە هێرشێكی ئاسمانیی ئیسرائیلدا، ئێستە محەمەد عۆدە سەرپەرشتیی باڵەكە دەكات و بووەتە فەرماندەی كردەنی.

سێ سەرچاوەی نزیك لە حەماس لە كەرتی غەزە روونیان كردەوە كە عۆدە بە كردەنی وەك فەرماندەی نوێی كەتیبەكانی قەسام دیاری كراوە، كە كەسێكی نزیك بووە لە حەداد و بە بەردەوام پێوەندییان هەبووە، بەتایبەتی لە دوای پلانەكانی داڕشتنەوەی پەیكەری رێكخراوەكە، كە حەداد لە دوای كوژرانی محەمەد زەیف و محەمەد سنووار هەردوو فەرماندەی پێشوو و كوژراوی قەسام كاری لەسەر دەكرد. 

بەپێی سەرچاوەیەك لە كاتی هێرشەكەی 7ی تشرینی یەكەمی سەر ئیسرائیل، عۆدە بەڕێوەبەری هەواڵگریی سەربازیی بزووتنەوەی حەماس بوو، لە دوای كوژرانی محەمەد سنووار پێشنیازی بۆ كرا بۆ فەرماندەیی قەسام، بەڵام رەتی كردەوە، ئێستەش كەسی تر نییە لە وەرگرتنی پۆستەكە ركابەری بكات تەنیا عیماد عەقل نەبێت، كە ئەویش رۆڵێكی گەورەی لە رووداوەكانی دوای هێرشەكەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل نەبووە.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل