پزیشكیان: توانای هەناردەكردنی نەوت و دەستخستنی دۆلارمان نەماوە

:: PM:05:52:18/05/2026 ‌
لەوكاتەی گوشارەكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران لە هەڵكشانە بۆ ناچاركردنی بۆ رازیبوون بە پێشنیازەكانی بۆ وەستانی شەڕ و كردنەوەی گەرووی هورمز و دەستبەرداربوون لە یۆرانیۆمە پیتێنراوەكەی، ئێران لە سەر هەڵوێستی و پێداگری و سازشنەكردن بەردەوامە، سەرۆكی ئێران ددان بە سەختیی دۆخی وڵاتەكەی دادەنێت و دووپاتی كردەوە كە توانای هەناردەكردنی نەوت و دەستخستنی دۆلار و هێنانی بەنزینیان نەماوە.

ئەمڕۆ مەسعوود پزیشكیان سەرۆكی ئێران وەك ئاماژەیەك بۆ كێشەكانی لە وڵاتەكەی بەهۆی گەمارۆكانی سەر هەناردنی نەوتی ئێران سەپێنراوە گوتی، رێگەكانیان داخستووە و نەوت هەناردە ناكەین، ناتوانین بە ئاسانی نەوت هەناردە بكەین، هەروەها توانای بەرهەمهێنانی بەنزینمان زۆر كەم بووەتەوە، پێویستە دەست بە بەكارهێنانی ئاو و كارەبا و غاز و بەنزین بگرین. 

پزیشكیان دووپاتی كردەوە، پێویستە ئاستی پێشبینییەكانمان كەم بكەینەوە و دۆخەكە وەك خۆی قبووڵ بكەین بۆ ئەوەی بتوانین رووبەڕووی دەژمن ببینەوە، ناتوانین بانگەشەی ئەوە بكەین كە كێشەمان نییە، پێویستە لەگەڵ هاووڵاتییان راستگۆ بین، ئێمە هەموو هەوڵێك بۆ دابینكردنی ژیان بۆ هاووڵاتییان دەدەین، بەڵام سنوورێك بۆ هەوڵەكانمان هەیە.

پزیشكیان ئاماژەی كرد، ئێمە لەشەڕداین و پێویستە بەرگەی سەختییەكان بگرین، ناتوانین بڵێین كە دوژمن لە شكانە و ئێمەش لە گەشەسەندن، سەبارەت بە كەرتی وزە ئەگەر دۆخەكە وەك ئێستە بەردەوام بێت هاوین و زستان تووشی كێشە دەبینەوە و ئەو دۆخە كار لە هەمووان دەكات، دووپاتی كردەوە، ماقووڵ نییە بڵێین كە دانوستان ناكەین، پێویستە ئاقڵمەندانە گفتوگۆ بكەین و وەڵامی ئاقڵانەشمان بدرێتەوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل