ڕووسیا له‌سه‌ر چه‌كی ئه‌تۆم مه‌شق به‌ هێزه‌كانی ده‌كات

:: AM:10:43:19/05/2026 ‌
وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا ئەمڕۆ سێشەم بڵاوی كردەوە، هێزەكانی تایبەت بە چەكی ئەتۆمی ڕووسیا لە ماوەی 19 تا 21ی ئەم مانگە ئایار/مایۆ، مانۆڕی سەربازی لەبارەی ئامادەكاری و بەكارهێنانی چەكی ئەتۆم دژ هەر هەڕەشەیەكی دوژمن دەكەن.

لە ڕاگەیەنراوێكی وەزارەتی بەرگریی ڕووسیادا هاتووە، لە ماوەی 19 تا 21ی ئایار/مایۆ هێزە چەكدارەكانی رووسیا، مەشق لەسەر ئامادەكاری و بەكارهێنانی چەكی ئەتۆم بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی هەڕەشەكانی دوژمن دەكەن.

لە بەشێكی تری ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، هێزەكانی سەربە مووشەكی ستراتیجی و كەشتیگەلی باكور و زەریای هێمن و فەرماندەی هێزی ئاسمانی دوورمەودا، بەشێك لە هێزەكانی ناوچەی لینینگراد و هێزە سەربازییەكانی ناوەند، بەشداریی لە مانۆڕەكە دەكەن.

هێما بۆ ئەوەیش كراوە، لەو مانۆڕە سەربازییە 73 كەشتی جەنگی و 13 ژێردەریایی جەنگ و هەشت ژێر دەریایی تر كە هەڵگری مووشەكی ستراتیجی دوومەودان، لەم مانۆڕە پشكدارن.

لەبارەی ژمارەی ئەو هێزە چەكدارانەی وڵاتەكەیش كە بەشداریی لە مانۆڕەكە دەكەن، وەزارەتی بەرگریی رووسیا نووسیویەتی، مەشق لەسەر چەكی ئەتۆمی بە بەشداریی 64 هەزار سەرباز و زیاتر لە حەوت هەزار و 800 یەكەی چەك و كەلوپەلی سەربازی تایبەت و 200 سەكۆی هەڵدانی مووشەك و 140 فڕۆكەی جەنگی مانۆڕەكە بەڕێوە دەچێت.

ئەنجامدانی ئەو مانۆڕە سەربازییە لە كاتێكدایە، ئەمڕۆ سێشەم ڤلادیمێر پوتینی سەرۆكی ئەو وڵاتە بە سەردانێكی فەرمی دەگاتە پەكینی پایتەختی چین، ماوەی دوو ڕۆژ لەو وڵاتە دەمێنێتەوە و لەگەڵ شی جین پینگی سەرۆكی چین كۆ دەبێتەوە. 

ماوەی زیاتر لە چوار ساڵە ڕووسیا دەستی بە هێرشی داگیركردنی ئۆكراینا كردووە و تا ئێستە توانیویەتی بەشی ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە داگیر بكات، شەڕ و ڕووبەڕوبوونەوەكانیش لە نێوان هێزەكانی هەردوولا بەردەوامیان هەیە و كۆتاییان نەهاتووە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د