سەرۆکی ئەمەریکا: هێرشێکی سەربازی بۆ سەر ئێران سەعاتێک پێش جێبەجێکردنی ڕاگیرا

:: PM:07:10:19/05/2026 ‌
ئەمڕۆ سێشەم 19ی ئایاری 2026، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا دووپاتی کردەوە کە وڵاتەکەی هەوڵ دەدات ئاسایشی خۆی مسۆگەر بکات و ڕێگری لە ئێران بکات بۆ دەستکەوتنی چەکی ئەتۆمی. ئاماژەی بەوەش دا کە هەندێک لایەنی سیاسی لە ناوخۆی ئەمەریکا هەوڵ دەدەن ڕێگریی لێ بکەن بۆ چوونە ناو گفتوگۆ لەگەڵ تاران.

ترەمپ لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند کە ئێران هەوڵی تێکدانی سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدات، دووپاتیشی کردەوە کە ڕێگە نادرێت ئەوە ڕوو بدات.

هەروەها گوتی، هێرشێکی سەربازی کە بڕیار بوو دژی ئێران ئەنجام بدرێت، نزیکەی سەعاتێک پێش کاتی جێبەجێکردنی ڕاگیرا، ڕوونیشی کردەوە، واشنتن هێشتا لە چوارچێوەی دانوستاندایە لەگەڵ ئێران.

ترەمپ هیوای خواست وڵاتەکەی ناچار نەبێت پەنا بۆ کاری سەربازی ببات، بەڵام لە هەمان کاتدا بژاردەی وەشاندنی گورزێکی بەهێزی ڕەت نەکردەوە ئەگەر پێویست بکات.

سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی بەوە دا "دڵنیا نییە" لە ئەگەری ئەنجامدانی هێرشێکی سەربازی دژی ئێران لە قۆناغی ئێستەدا، باسی لەوەش کرد کە ژمارەیەک سەرکردە لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا پێوەندییان پێوە کردووە و دووپاتیان کردووەتەوە پێشکەوتنێکی گەورە لە دۆسیەی ئێراندا هەیە.

دوێنێ دووشەم، ترەمپ دواخستنی هێرشێکی سەربازیی بۆ سەر ئێرانی لەسەر داوای سەرکردەکانی قەتەر، سعوودیە و ئیمارات ڕاگەیاندبوو. ئاماژەی بەوەش دابوو کە لە کاتی ئێستەدا "دانوستانی ڕژد" لەگەڵ تاران بەڕێوە دەچێت، بەڵام لە هەمان کاتدا فەرمانی بە سوپای ئەمەریکا کردووە کە ئامادە بن بۆ ئەنجامدانی "هێرشێکی گشتگیر و بەرفراوان" ئەگەر نەگەنە ڕێککەوتنێکی پەسەندکراو.


وشە - پۆڵا مەحموود