عێراق یەكێكە لە وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت و غاز، كەچی تا ئێستە بە هۆكاری سیاسی و ململانێی هێزە سیاسییەكان یاسای نەوت و غازی نییە، چەند جارێك هەوڵ دراوە و رەشنووسی بۆ ئامادە كراوە، بەڵام لە پەرلەمان كێشەی بۆ دروست كراوە، پەرلەمانتارێك ئاماژە دەكات كە بەمنزیكانە یاسای نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق دەخرێتە ناو كارنامەی دانیشتنەكانی پەرلەمان.
عادل محەلاوی ئەندامی فراكسیۆنی تەقەدوم لە پەرلەمانی عێراق ئاماژە دەكات كە سازانی سیاسی لە نێوان هێزە سیاسییەكان هەیە بۆ دەركردنی یاسای نەوت و غاز لە قۆناغی داهاتوو، بڕیارە بەمنزیكانە یاساكە بخرێتە ناو كارنامەی دانیشتنەكانی پەرلەمانی عێراق، عەلی زەیدی سەرۆك وەزیران ئامادەیی بۆ هاریكاری لە دەركردنی پڕۆژە گرنگەكان دەربڕیوە، لە پێشەوەیان پڕۆژەكانی رەهەندی ئابووری و خزمەتگوزارییان هەیە.
زیاتر گوتی، هەندێك لە یاساكان تا ئێستە رووبەڕووی ناكۆكییە سیاسییەكان دەبنەوە و پێویستییان بە سازانی نیشتمانی هەیە بۆ دەركردنیان، لەپێشەوەیان یاسای نەوت و غاز، بەو پێیەی بوارێكی زیاتر بۆ پارێزگا بەرهەمهێنەرەكان دەرەخسێنێت بۆ بەڕێوەبردنی كارەكانیان و دەشبێتە هۆی رێكخستنی پێوەندییەكانی حكوومەتی فیدراڵ و پارێزگا بەرهەمهێنەرەكان.
پێشتر ساحیب بەزوون گوتەبێژ بەناوی وەزارەتی نەوتی عێراق دووپاتی كردەوە كە دۆسیەی نەوت و غاز و كێشەكانی لە نێوان هەولێر و بەغدا بەتەواوەتی سەقامگیر نابێت تەنیا لە دوای دەركردنی یاسای نەوت و غاز نەبێت لە پەرلەمانی عێراق، ئەگەرچی لێكتێگەیشتن لە نێوان هەردوو حكوومەتی فیدراڵی و هەرێمی كوردستان لەبارەی ئیدارەدانی دۆسیەی نەوت هەیە.
زیاتر گوتی، رێككەوتن و بڕیاری سیاسی لە نێوان هەردوو لایەن هەیە، بەڵام دەركردنی یاسای نەوت و غاز لەو خوڵەی پەرلەمان، هەنگاوێكی زۆر گرنگە بۆ مسۆگەریی سەقامگیربوونی پێوەندییە نەوتییەكان و پاراستنی مافی هەموو لایەك، تا ئێستە داهاتی فرۆشتنی نەوت 90%ی داهاتی عێراق پێك دێنێت، بۆیە ئەو دۆسیە و چارەسەركردنی كاری لەپێشینەی حكومەتی نوێ دەبێت.