هەوڵێك بۆ پێكهێنانی بەرەیەكی دژ بە حەلبووسی لە پەرلەمانی عێراق هەیە

:: PM:09:13:19/05/2026 ‌

بەشێك لە هێزە سیاسییەكان، بەتایبەتی ئەوانەی لە دانیشتنی متمانەدان بە كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق رازی نەبوون و متمانە بە وەزیرەكانیان نەدرا، هەوڵی پێكهێنانی بەرەیەك لە پەرلەمان دەدەن، كە زیاتر لە 140 پەرلەمانتار لە بارستەی جیاواز لەخۆ دەگرێت، لەوانە لە ناوخۆ و دەرەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و یەكێك لە ئامانجەكانیان لادانی هەیبەت حەلبووسییە لە سەرۆكایەتیی پەرلەمان.

لە 14ی ئەم مانگە پەرلەمانی عێراق دانیشتنێكی متمانەدانی بە كابینە و كارنامەی حكوومەتی عێراق ساز كرد و لە كۆی 22 وەزارەت 14 وەزیر متمانەیان پێ درا و پێنج كاندید رەت كرانەوە، لەوانە دووی سەر بە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسای نووری مالیكی و دووی تری سەر بە هاوپەیمانی عەزمی موسەنا سامەرایی و ئەوەش دابەشبوونێكی گەورەی سیاسی لەناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی دروست كرد و دەوڵەتی یاسا لایەنەكانیتری شیعەی بە دوورخستنەوەی كاندیدانی تۆمەتبار كرد.

سعوود ساعیدی پەرلەمانتار لە فراكسیۆنی حقووق گوتی، بڕیارێك لەناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە پێكهێنانی هاوپەیمانیەتێكی نوێ لە چوارچێوەی كاردانەوە بۆ رەتكردنەوەی هەندێك لە كاندیدی وەزارتەكان لە دانیشتنی 14 مانگ هەیە، یەكەم هەنگاوی ئەو هاوپەیمانیەتییە هەوڵی بۆ دەدات لادانی هەیبەت حەلبووسی سەرۆكی پەرلەمانە، بێ دەستبردن بۆ جێگرەكانی.

ئاماژەی كرد، ئەو هاوپەیمانیەتییە چەند بارستە و هێزێك لەخۆ دەگرێت، لەوانە دەوڵەتی یاسا و ئەو پەرلەمانتارانەی لە هاوپەیمانیی ئیعمار و تەنمییە جیابوونەتەوە، واتە عەقدی وەتەنی و سۆمەرییون، هەروەها ئەندامانی فراكسیۆنەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان و هاوپەیمانی عەزم، بەو شێوەیە دەتوانن بەرەیەك لە زیاتر لە 140 پەرلەمانتار پێك بێنن.

دووپاتی كردەوە، پێكهێنانی ئەو هاوپەیمانیەتییە وەستاوەتە سەر سەركەوتنی هەوڵەكانی چاككردنەوەی ئەو دابەشبوونەوی بەهۆی دانیشتنەكەی 14 مانگ دروست بووە، ئێستە دۆخەكە و گۆڕەپانی سیاسی ئاڵۆز و لەرزۆكە و رەنگە خراپتریش بێت، بەشێك لە هێزەكانی چوارچێوە وای دەبینن كێشەكە لە هەیبەت حەلبووسییە و پێویستە بێتە گۆڕین، بەتایبەتی لە شێوازی بەڕێوەبردنی دانیشتنەكانی پەرلەمان و راگەیاندنی ئەنجامەكانی دەنگدان لە ماوەیەكی زۆر كورت و نەزانینی ژمارەی راستەقینەی دەنگەكانی كاندیدەكان بە دەستیان هێناوە.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل