ڕۆژنامەیەك: ئیسرائیل سەری لە ترەمپ سوڕماوە

:: AM:09:03:20/05/2026 ‌
ڕۆژنامەیەكی ئیسرائیلی لە زاری بەرپرسێكی سوپای ئەو وڵاتە بڵاوی كردەوە، تەلەئبیب تووشی سەرسوڕمانی و شۆك بوو، كاتێك گوێی لە لێدوانی ترەمپ لەبارەی وەستاندنی بۆردمانكردنەوەی ئێران بوو، چونكە سەعاتێك بەر لە دەستپێكردنی هێرشەكان ئەو بڕیارەی دەركرد و ئێمە چاوەڕوانی هاوئاهەنگیمان دەكرد و دڵنیا بووین لەوەی لە ئێران دەدەینەوە.

ڕۆژنامەی هائارتسی ئیسرائیلی لە زاری بەرپرسێكی سوپای ئەو وڵاتە نووسیویەتی، ئێمە چاوەڕوانی هاوئاهەنگی و دەستكردن بووین بە جووڵە تا بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ لە ئێران بدەین، بەڵام لێدوانی سەرۆكی ئەمەریكا بە وەستاندنی بۆردمانكردنەوەی ئێران سەعاتێك بەر لەوەی ئۆپراسیۆنەكە ئەنجام بدرێت، ئێمەی تووشی شۆك و سەرسوڕمان كردووە.

زیاتر گوتی، بە ئەگەری یەكجار زۆرەوە ئەمەریكا دواجار دەبێ هێرشەكانی بۆ سەر ئێران دەست پێ بكاتەوە، بەشێوەیەكی پشتڕاستكراوەیش دووپاتی دەكەینەوە كە دەستكردنەوە بە هەر هێرشێك بۆ سەر ئێران، بەشداریی تەواو و كارای ئیسرائیلی لە جەنگەكە دەبێت.

لە بەشێكی تری قسەكانی ئەو سەرچاوەیەی سوپای ئیسرائیلدا هاتووە، گومانمان هەیە كە بتوانرێ ڕژێمی ئیسلامیی ئێران بڕووخێنرێت، ئەگەر دووبارە دەست بە هێرش و بۆردمانەكانیش بكەینەوە.

شەوی دووشەم لەسەر سێشەم، دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێكدا دووپاتی كردەوە كە لەسەر داوای قەتەر و سعوودیە و ئیمارات، بڕیاری دووبارە دەستكردنەوە بە بۆردمانكردنی ئێرانی هەڵوەشاندووەتەوە، ئەمەیش هاوكات بوو لەگەڵ بە بنبەستگەیشتنی دانوستانەكان و سازشنەكردنی ئێران بۆ داوا و مەرجەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا.


وشە - باز ئه‌حمه‌د