هێرشی میلیشیاكانی عێراق بۆ سەر چوار وڵاتی عەرەبی بەردەوامە

:: PM:01:19:20/05/2026 ‌
بە درۆن هێرش كرایە سەر ئوردن، ئیماراتیش عێراق تۆمەتبار دەكات و هێرشی درۆنی میلیشیاكانی عێراق بۆ سەر وڵاتانی ناوچەكە بە ئاماژەیەكی ترسناك وەسف دەكات، عێراقیش بەڵێنی داوە رێگریی لەو هێرشانە بكات.

ئەمڕۆ چوارشەم 20ی ئایار ئوردن رای گەیاند، بە درۆن هێرش كراوەتە سەر خاكەكەی، بەڵام پووچەڵیان كردووەتەوە. ئەمە یەكەم هێرش نییە بكرێتە سەر ئەو وڵاتە، هەر لەم هەفتەیە بە سێ‌ درۆن هێرش كرایە سەر سعوودیە و دواتریش هێرش كرایە سەر وێستگەی ئەتۆمی بەراكە لە ئیمارات. 

ئەو وڵاتانە بە راشكاوی میلیشیاكانی عێراق تۆمەتبار دەكەن. هەر ئەمڕۆ ئەنوەر قەرقاش راوێژكاری دیپلۆماسی سەرۆكی ئیمارات، لە پەیامێكدا عێراق تۆمەتبار دەكات و دەڵێ‌، "هێرشی میلیشیاكانی ئێران لە عێراق بۆ سەر وێستگەی بەراكە، ئاماژەیەكی مەترسیدارە بۆ قەبارەی ئەو هەڕەشانەی كە رووبەڕووی ناوچەكە دەبنەوە، لە ئەنجامی نەبوونی دەوڵەتێكی نیشتمانی  و پێشێلكردنێكی روونی یاسای نێودەوڵەتی".

جیا لە ئیمارات، پێشتر سعوودیە و كوێت بە راشكاوی پەیامی ناڕەزاییان بە عێراق داوە و دواجاریش سەرەتای ئەم هەفتەیە سعوودیە ئاشكرای كرد، بە سێ‌ درۆن هێرش كراوەتە سەر خاكەكەی، درۆنەكانیش لە ئاسمانی عێراقەوە هاتوون. رۆژێك دوای تۆمەتباركردنی عێراق لەلایەن سعوودیەوە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەنراوێكدا سەركۆنەی هێرشەكەی كرد و  دووپاتی كردەوە، بەشی چاودێری سوپای عێراق هیچ جووڵەیەكی لەم شێوەیەی بەدی نەكردووە، بەڵام هێشتا لێكۆڵینەوە لە بابەتەكە دەكات. وەزارەتی دەرەوەی عێراق داواشی لەلایەنە پێوەندیدارەكانی سعوودیە كرد زانیاری بە عێراق بدات.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە میدیای عێراقی بڵاو دەكرێنەوە، عێراق دەستی بە جووڵە كردووە، بۆ ئەوەی هێرشی میلیشیاكانی شیعە ئەوانەی سەربە ئێرانن بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ‌ رابگرێت. بە تایبەتی ئەو هێرشانە لە كاتێكدایە كە تەمەنی حكوومەتی نوێی عێراق هەفتەیەكی تەواو نەكردووە، رووبەڕووی ئاڵنگاری تەناهیش دەبێتەوە بە تایبەتی كە ئاشكرا بووە بنكەی نهێنی ئیسرائیل لە بیابانی عێراقدا هەیە.

لەسەر هێرشی میلیشیاكان بۆ سەر كوێت، ئوردن، ئیمارات، سعوودیە، سەرچاوە فەرمییەكانی عێراق باس لە جووڵەی عێراق دەكەن بۆ وەستاندنی ئەو هێرشانە. لەوانە سەرچاوەیەك لە راوێژكارێتی ئاسایشی نەتەوەیی عێراق بۆ كەناڵی وەن نیوز ئاشكرای دەكات، عێراق كەوتووەتە جووڵە لە رووی تەناهی و دیپلۆماسییەوە، بۆ ئەوەی رێگریی لەو هێرشانە بكرێت كە لە عێراقەوە بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ‌، بە تایبەتی دەكرێتە سەر كوێت و ئیمارات و سعوودیە. هەر بۆ ئەو مەبەستەیش راوێژكارێتی ئاسایشی نەتەوەیی لیژنەیەكی پێكهێناوە.

میلیشیاكانی عێراق لە بەرژەوەندیی ئێران هێرشەكانیان ئەنجام دەدەن، لە ماوەی رابردوودا هەرێمی كوردستان و دامەزراوە گرنگەكانی عێراق و وڵاتانی دراوسێی عێراق بە تایبەتی كەنداو، شاندە دیپلۆماسییەكانیان، بنكەكانی هاوپەیمانانیان كردووەتە ئامانج. ئەمەریكا بە رژدی هەوڵی سزادانیان دەدات و داوایش لە حكوومەتی عێراق دەكات جڵەوی ئەو میلیشیایانە بكات. بەشێك لە میلیشیاكانیش لەلایەن ئەمەریكاوە خراونەتە لیستی تیرۆرەوە.




وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل