لە داوایەكی پەرلەماندا داوا لە عەلی زەیدی سەرۆكی حكوومەتی عێراق دەكرێت، پێداچوونەوە بۆ سەرجەم بڕیارەكانی حكوومەتی سوودانی بكات، چونكە زۆربەیان نادەستوورین و بەگوێرەی بڕیاری دادگای فیدراڵی، حكوومەتەكە كاربەڕێكەر بووە و دەسەڵاتی دەركردنی ئەو جۆرە بڕیارانەی نەبووە.
ئەمڕۆ چوارشەم 20ی ئایار، محەمەد جاسم خەفاجی ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق، داوایەكی ئاراستەی سەرۆك وەزیرانی عێراق كردووە و داوای لێ دەكات بە سەرجەم بڕیارەكانی حكوومەتی سوودانیدا بچێتەوە.
لە نووسراوەكەدا هاتووە، "بەگوێرەی مادەی 61 و 78 و 80 لە دەستووری عێراق، بەگوێرەی بڕیاری دادگای فیدراڵی بە ژمارەی 213ی ساڵی 2025، حكوومەتی پێشوو لە 11ی تشرینی دووەمی 2025 وە كاربەڕێكەر بووە". لەو روانگەیەوە پەرلەمانتارەكە داوا دەكات، "ئەنجوومەنی وەزیران بە تەواوی بڕیارەكانی حكوومەتی پێشوودا بچێتەوە كە لە دوای 11ی تشرینی دووەم دراون، چونكە زۆربەیان نادەستوورین، ئەو بڕیارانەیش كاریگەریی دارایی و سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابوورییان هەبووە، گرێبەستی گەورە كراوە كە هیچ یەكێك لەوانە پێوەندییان بە ئەركی كاربەڕێكەری رۆژانە نەبووە".
ئەمڕۆ ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە عێراق، بڕیاری حكوومەتی سوودانی تایبەت بە زیادكردنی باجی كۆمپانیاكانی مۆبایل و ئینتەرنێت هەڵوەشاندنەوە.