میلیشیایەكی عێراق هەڕەشە لە پارێزگاری بابل دەكەن

:: PM:02:00:20/05/2026 ‌
عەلی تركی جەمالی پارێزگاری بابل كە سەربە عەسائیبی ئەهلی حەقە، لە كاتی جێبەجێكردنی پڕۆژەیەكی حكوومەت، لەلایەن میلیشیایەكەوە هێرشی دەكرێتە سەر و ئەویش وەك ناڕەزاییەك دەست لەكار دەكێشێتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەم 20ی ئایار، عەلی تركی جەمالی پارێزگاری بابل، دەست لەكاركێشانەوەی خۆی پێشكەشی ئەنجوومەنی پارێزگای بابل كرد، وەك ناڕەزاییەك لە بەرانبەر ئەو هەڕەشەیەی لەلایەن میلیشیایەكەوە لێی كراوە. بەڵام ئەنجوومەنی پارێزگای بابل بە كۆی دەنگ دەست لەكاركێشانەوەكەیان رەت كردەوە.

بەگوێرەی ڤیدیۆیەك نووسینگەی جەمالی بڵاوی كردووەتەوە، دەردەكەوێت جەمالی دەیەوێ‌ پڕۆژەی پردی جنسیە لە شارەكە جێبەجێ بكات، كەچی چەكدارانی میلیشیایەك دەوری دەدەن و رێگریی لە دەكەن دەست بە پڕۆژەكە بكرێت.

جەمالی لە كاتی دەست لەكاركێشانەوەكەی بە ئەنجوومەنی پارێزگای بابلی راگەیاندووە، میلیشیایەك هێرشی كردووەتە سەر دەسەڵاتی جێبەجێكردن و شكۆی دەوڵەت. ئەنجوومەنەكە بڕیاری داوە لێكۆڵینەوەكە لە رووداوەكە بكرێت.

 عەلی جەمالی یەكێكە لەو بەرپرسانەی سەربە میلیشیای عەسائیبی ئەهلی حەقە كە قەیس خەزعەلی سەرۆكایەتیی دەكات، بەمدواییە ئەو میلیشیایە رەزامەندیی داوە چەك دابنێت.
 



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل