بەهۆی ئەو زیانانەی لە ئەنجامی جەنگ بەر كارگەكانی پێترۆكیمیایی ئێران كەوتوون، حكوومەت ناچار بووە بۆ دابینكردنی مادەی خاو، پەنا بباتە بەر كۆڵبەران.
نەرگس باقری زومڕودی بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی ڕێنوێنییەكانی هەناردە و هاوردە لە وەزارەتی پیشەسازی و كانزا و بازرگانیی ئێران، لە نامەیەكدا بۆ محەمەد عەلی بەهپووری بەڕێوەبەری گشتیی هاوردە لە گومرگی ئەو وڵاتە، بڕیارێكی نوێی ئاشكرا كردووە و ڕای گەیاندووە، هاوردەكردنی مادە خاوەكانی پێوەست بە بواری پێترۆكیمیایی و پۆلیمەری لە ڕێگەی كۆڵبەری و مەلەوانی (بەلەمی بچووك) ڕێگەپێدراوە.
ئاژانسی هەواڵی تەسنیم بڵاوی كردەوە، هاوردەكردنی ئەو پێداویستییانە تەنیا لە چوارچێوەی لیستێكی دیاریكراو و بەپێی ئەو ڕێنوێنییانە دەبێت كە بۆ كاری كۆڵبەری و مەلەوانی دانراون.
ئاماژەی بەوەش كردووە، ئەم بڕیارە لە كاتێكدایە كە لە چەند مانگی ڕابردوودا، یەكە بەرهەمهێنەرەكانی پیشەسازیی پێترۆكیمیایی و پۆلیمەری لە دابینكردنی مادەی خاودا، ڕووبەڕووی كێشە و سنوورداربوون بوونەتەوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی كە گەمارۆكانی ئەمەریكا، هاوردەكردنی ئەو مادانەی لە ڕێگەی فەرمییەوە زۆر لاواز كردووە.
لە ساڵانی رابردوودا بە پاساوی ئەوەی زیان بە ئابووری ئێران دەگەیەنن، هێزەكانی پاسەوانی سنووری ئەو وڵاتە، بە توندی رووبەڕووی كۆڵبەران دەبوونەوە و ساڵانە دەیان كۆڵبەر بە تەقەی راستەوخۆی ئەو هێزانە دەبوونە قوربانی.