سوپای ئەمەریكا: ئاراستەی 90 كەشتییمان لە گەرووی هورمز گۆڕیوە

:: PM:05:18:20/05/2026 ‌

هاوكات لەگەڵ چەقبەستنی دۆخی نێوان ئەمەریكا و ئێران لە نێوان دانوستان و شەڕ، سوپای ئەمەریكا لە گەمارۆ دەریاییەكەی سەر بەندەرەكانی ئێران و گەرووی هورمز بەردەوامە، ئەمڕۆ فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریكا رای گەیاند كە لە 13ی نیسانی رابردووەوە تا ئێستە ئاراستەی 90 كەشتییان لە گەرووی هورمز گۆڕیەوە.

ئەمڕۆ چوارشەم سێنتكۆم لە بەیاننامەیەكدا دووپاتی كردەوە كە 90 كەشتییان ناچار كردووە ئاراستەی خۆیان بگۆڕن، جیا لە پەكخستنی چوار كەشتی بۆ ناچاركردنیان بە پابەندبوون بەو گەمارۆ دەریاییەی سەر بەندەرەكانی ئێران، بەڵام بێ ئاشكراكردنی رەگەزنامەی كەشتییەكان و جۆری بارەكانیان.

لە بەرانبەردا تەلەڤزیۆنی ئێران رای گەیاند كە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ سوپای پاسدارانی ئێران، پێنج كەشتی زەبەلاحی نەوتبەر بە گەرووی هورمز تێپەڕ بوونە، هێزە دەریاییەكانی ئێران لە شوێنی خۆیان جێگیرن و لەوپەڕی ئامادەسازیدان بۆ بەرگریكردن لە ئێران، دووپاتی كردەوە كە تێپەڕبوونی كەشتییەكان بە گەرووی هورمز بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزەكانی ئێران ئاساییە و ئاسانە و هێزەكانی ئێران خۆیان ئاسایشی كەشتییەكان دەپارێزن.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل