هاوكات لەگەڵ هەڕەشەكانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا و لێدوانە دژبەیەكەكانی، سەرۆكی پەرلەمانی ئێران ئاماژە دەكات كە جموجۆڵە ئاشكرا و نهێنییەكانی ئەمەریكا ئاماژەن بۆ ئەگەری دەست پێكردنەوەی گەڕێكی تری شەڕی دژ بە ئێران، دووپاتی كردەوە كە ئێستە ئەمەریكا و ئێران شەڕی خۆسەپاندن دەكەن.
لە تۆمارێكی دەنگی ئاراستەكراو بۆ گەلی ئێران، محەمەد باقر قالیباف سەرۆكی پەرلەمانی ئێران دووپاتی كردەوە كە هێزە چەكدارەكانی ئێران سوودی لە ماوەی ئاگربەست وەرگرتووە بۆ خۆبنیاتنانەوە، بۆیە ئەگەر دوژمن جارێكی هێرش بكاتە سەر ئێران پەشیمان دەبێتەوە، ئاماژەی كرد كە وڵاتەكەی ملكەچی گوشار و هەڕەشەكان نابێت.
زیاتر گوتی، حكوومەتی ئێران بە قەبارەی گوشارە ئابوورییەكان و بەرزبوونەوەی نرخ و گرانی بژێوی هاووڵاتییان دەزانێت، پەرلەمانی ئێران لە سەرەتای شەڕەوە تا ئێستە زیاتر لە 120 كۆبوونەوە و دانیشتنی بۆ بەدواداچوونی دۆخی ئابووری و بژێوی خەڵك كردووە، نیازیشی هەیە بۆ پێكهێنانی لیژنەیەكی چاودێری بۆ بەدواداچوونی دۆخی خەڵك و دابینكردنی كاڵا پێویستەكان، دووپاتی كردەوە كە ئێران بەهێزتر و یەكگرتووتر و سەربەخۆتر ئەو قۆناغە دەبڕێت.
قالیباف ئاماژەی كرد، باجی هەڵگیرسانی شەڕ لە لایەن كەسانی نزیك لە كۆشكی سپی، هەژارە ئەمەریكییەكان دەیدەن، ئەمەریكا لە شەڕێك تێوەگلاوە كە ناتوانێت تیایدا سەركەوتوو بێت، دوژمن لەناو تەنگژەیەكی ستراتیجی گیری خواردووە و بەرزیی نرخ و هەڵاوسان كار لە كۆمەڵگەی ئەمەریكی دەكەن، ئەمەریكا بە هەڵە پێی وایە دەتوانێت لە رێگەی گەمارۆ و دەست پێكردنەوەی شەڕ ناچاری ملكەچكردنمان بۆ داواكارییەكانی بكات.