ئەمەریكا رۆژانە هەڕەشە لە ئێران دەكات و چاویشی لەسەر رێككەوتنە لەگەڵ تاران، كەچی تاران پێداگرە و بە مەرجەكانی واشنتن بۆ واژووكردنی رێككەوتنێكی نوێ لە نێوانیان رازی نییە، هاوكات پاكستان لە هەوڵەكانی بۆ دەست پێكردنەوەی دانوستانەكان و دوورخستنەوەی ئەگەری شەڕ بەردەوامە، لەو چوارچێوەیە جارێكی تر وەزیری ناوخۆی پاكستان سەردانی ئێران دەكات.
ئێستە دۆخی
ئێران، بەتایبەتی كەرتی نەوت و ئابوورییەكەی زۆر خراپە و دەبێت بە دوای چارەسەرێك بۆ لەدەستنەدانی بیرە نەوتەكانی بگەڕێت، باشترین چارەسەریش لابردنی گەمارۆ دەریاییەكەی ئەمەریكا و دەست پێكردنەوەی هەناردنی نەوتەكەیەتی، سەرۆكی ئەمەریكاش گوشاری ناوخۆیی و هەڵبژاردنی لەسەرە و ئەویش بە دوای رێگەچارەیەكی جگە لە شەڕ دەگەڕێت.
لەوكاتەی دانوستانەكانی ئێران و ئەمەریكا لە دوای ئاگربەستە كاتییەكەی 8ی نیسانی رابردوو تەنیا یەك گەڕی لە ئیسلام ئاباد بەڕێوە چووە، هەوڵەكانی پاكستان بۆ دەست پێكردنەوە و دوورخستنەوەی شەڕ بەردەوامە ئەمڕۆ چوارشەم موحسین نەقەوی وەزیری ناوخۆی پاكستان دووەم سەردانی بۆ ئێران لە ماوەی هەفتەیەك ساز كرد.
ئاژانسی "ئێرنا"ی فەرمیی ئێران لە چەند سەرچاوەیەكی دیپلۆماسی لە ئیسلام ئاباد گواستەوە، موحسین نەقەوی بۆ دیداری بەرپرسانی ئێران بەرەو تاران گەشتی كردووە و لە تاران چاوی بە فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران كەوتووە، لەوكاتەی نەفەوی شەمووی رابردوو سەردانێكی تری بۆ تاران ئەنجام دابوو.
بەپێی سەرچاوەكان ئێستە هەوڵێك هەیە بۆ داڕشتنی دوایی خاڵەكانی رێككەوتنێك لە نێوان واشنتن و تاران، بۆیە بڕیارە سبەی پێنجشەم فەرماندەی سوپای پاكستان بۆ راگەیاندنی دوا دەقی رێككەوتنەكە سەردانی تاران بكات، ئەگەریش هەیە دوای چەند سەعاتێكی تر گەیشتن بە رێككەوتنەكە بێتە راگەیاندن، چاوەڕوانیش دەكرێت لە دوای كۆتاهاتنی وەرزی حەج، گەڕێكی نوێی دانوستانی ئێران و ئەمەریكا لە ئیسلام ئاباد بێتە سازكردن.