ئێستە ئێران گەمارۆیەكی توندی دەریایی ئەمەریكی لەسەرە، پێش ئەوەش و ئێستەش سزایەكی توندی ئابووری و دارایی لەسەر بووە، ئەمەریكا دەروازەی كەنداوی لەسەر داخستووە، بەڵام رووسیا و چین پاڵپشتیی تەواوی دەكەن، بەپێی راپۆرتەكان نهێنیی ئەو خۆراگرییەی ئێران بریتییە لە دەریای قەزوین، ئەو دەریا داخراوەی دەستی سەربازیی ئەمەریكا و هاوپەیمانی ناتۆی پێی ناگات.
ئێستە روونە كە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا پێویستیی بە هاوئاهەنگییەكی زیاتر لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی رووسیا لە بری چین هەیە بۆ خنكاندنی ئێران و وەستانی گەیشتنی پاڵپشتیی دەرەكی بۆی بۆ ئەوەی بتوانێت لە رووەكانی ئابووری و سەربازی سەرەڕای گوشارەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیل خۆی بگرێت.
رۆژنامەی
"یۆراسیان تایمز"، ئاماژە دەكات كە پاڵپشتییەكەی رووسیا بۆ ئێران لە دەریای قەزوین تەنیا بۆ پاراستنی رژێمی ئێران نییە لە كەوتن، بەڵكو بۆ بنیاتنانەوەی توانا سەربازییەكانیەتی بۆ رووبەڕووبوونەوەی هێرش و گەمارۆی دەریایی ئەمەریكی بۆ سەر تاران.
بەپێی راپۆرتی ئەو رۆژنامە رۆڵی چین لە پاڵپشتیكردنی توانای هەواڵگریی ئێران لە رێگەی مانگە دەستكردەكان بۆ چاودێریكردنی هێزەكانی ئەمەریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێناپەڕێت، پێشتریش بە پێدانی مادەی كیمیایی پێویست بۆ بەرهەمهێنانی سووتەمەنی وشكی مووشەك یارمەتی ئێرانی داوە، بەڵام ئێستە رووسیا رۆڵی گرنگتری لە پاڵپشتیكردنی ئێران هەیە.
بەپێی راپۆرتەكە، رووسیا لە رێگەی دەریای قەزوینەوە كەرەستەی پێویست بۆ دروستكردنی درۆن و مادە خۆراكییە سەرەكییەكانی وەك گەنم و كاڵا پێویستەكان بەدەر لە سزا و گەمارۆكانی ئەمەریكا لە كەنداو دەگەیەنێتە ئێران، لە رێگەی بەندەركانی ئەستراخان و محەج قەلعە بەرەو بەندەرەكانی ئێران وەك ئەندەر ئانزلی لە دەریای قەزوین لە چوارچێوەی سیستمێكی گواستەوەی سێبەرەوە.
بەپێی راپۆرتەكە دەریای قەزوین، كە گەورەترین دەریاچەی داخراوە لە دنیا، تایبەتمەندییەكی ستراتیجی دەبەخشێتە رووسیا و ئێران، چونكە ئەمەریكا و هاوپەیمانی ناتۆ ناتوانن لە رووی سەربازییەوە دەستیان پێی بگات، چونكە گەیشتن بە دەریایەكە تەنیا تایبەتە بەو پێنج وڵاتەی دەڕواننە سەری ئەوانیش رووسیا و ئێران و ئازەربایجان و كازاخستان و توركمانستانن، تەنیا ئەوانە مافیان لە بوونی سەربازی لە دەریاكەدا هەیە.