سەرۆکی ئێران: ناچارکردنی تاران بۆ خۆبەدەستەوەدان تەنیا خەیاڵە

:: PM:10:50:20/05/2026 ‌
ئەمڕۆ چوارشەم 20ی ئایاری 2026، مەسعوود پزیشکیان سەرۆکی ئێران دووپاتی کردەوە کە سەرجەم بژاردەکان لە بەردەمیاندا کراوەن، بەڵام ناچارکردنی ئێران بۆ خۆبەدەستەوەدان لە ڕێگەی زۆرەملێوە، تەنیا "خەیاڵە".

پزیشکیان لە پۆستێکدا لەسەر تۆڕی (ئێکس) نووسیویەتی، ئێران هەمیشە پابەندی بەڵێنەکانی بووە و سەرجەم ڕێگەکانی گرتووەتە بەر بۆ دوورکەوتنەوە لە جەنگ، و هێشتا سەرجەم بژاردەکان لەلایەن ئێمەوە کراوەن." هەروەها ئاماژەی بەوە داوە کە، ناچارکردنی ئێران بۆ خۆبەدەستەوەدان بە زۆرەملێوە تەنیا خەیاڵە، چونکە ڕێزی یەکتری لە دیپلۆماسیدا، ژیرانەتر، سەلامەتتر و بەردەوامترە لە جەنگ.

پێشتر لەمڕۆدا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا ڕای گەیاندبوو کە دانوستانەکان لەگەڵ ئێران لە قۆناغەکانی کۆتاییدان، هاوکات هۆشداریی دابووە تاران کە ئەگەر نەگەنە ڕێککەوتن، ڕووبەڕووی "شتی زۆر سەخت" دەبنەوە.

لە بەرانبەردا، محەمەد باقر قاڵیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران کە مانگی ڕابردوو سەرۆکایەتیی شاندی وڵاتەکەی دەکرد لە دانوستانەکانی ئیسلام ئاباد، ڕای گەیاند کە جموجووڵە ئاشكرا و شاراوەكانی نەیاران، دەریدەخەن کە هەوڵی دەستپێکردنی گەڕێکی نوێی جەنگ دەدەن، کە مەبەستی لە ئەمەریکا و ئیسرائیلە.

لەلایەکی ترەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ چوارشەم ڕای گەیاند کە ئاڵوگۆڕی پەیامەکان لە نێوان ئێران و ئەمەریکا بەردەوامە، ئەوەش لەسەر بنەمای پێشنیازێکی تاران کە لە 14 خاڵ پێک هاتووە. ئەم پێشهاتانەش لە کاتێکدان کە موحسین نەقەوی وەزیری ناوخۆی پاکستان لە ئێرانە بۆ ئاسانکاریکردن لە پرۆسەی دانوستانەکاندا.


وشە - پۆڵا مەحموود