لە 14ی ئەم مانگە كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق بە ناتەواوی لە پەرلەمان متمانەی وەرگرت، لە كۆی 22 وەزارەت 14 وەزارەت پڕ كرانەوە و هەشت وەزارەت بە وەكالەت بەڕێوە دەچن، ئێستە ناكۆكی لەناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەی، ئەمشەو چوارچێوەكە لە بەیاننامەیەك تەواوكردنی كابینەی حكوومەتی لە دوای جەژن دووپات كردەوە.
لە بەیاننامەیەكی چوارچێوەی هاوئاهەنگی هاتووە، ئەمڕۆ چوارچێوەكە كۆبوونەوەیەكی گرنگ و نائاسایی لە نووسینگە هادی عامری سەرۆكی رێكخراوی بەدر و بە ئامادەبوونی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ گفتوگۆكردن لەسەر دۆخی سیاسی و تەواوكردنی كابینەی نوێی حكوومەت ساز كرد.
لە كۆبوونەوەكە بەشداران پیرۆزباییان لە سەرۆكی حكوومەت كرد بەبۆنەی متمانەوەرگرتن لە پەرلەمان و هیوای سەركەوتنیان بۆی خواست، دووپاتیان لە یەكپارچەیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و كاری هاوبەش بەمەبەستی سەقامگیریی سیاسی كردەوە، چوارچێوەكە بڕیاری تەواوكردنی كابینەی حكوومەتی نوێی لە دوای پشووەكانی جەژنی قوربان بەپێی بەركەوتە و لێكگەیشتن و رێككەوتنەكان دا.
سەبارەت بە دۆخی ناوچەكە، چوارچێوەی هاوئاهەنگی دووپاتی لە رەتكردنەوەی هەر هێرش و دەستدرێژییەك بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ و عەرەبی لە خاكی عێراقەوە كردەوە و باسی گرنگیی رێزگرتن لە سەروەریی وڵاتان و دوورخستنەوەی ناوچەكە لە ئاڵۆزی زیاتر كرد، داوای لە دەزگە تەناهییەكاتن كرد بۆ تەواوكردنی لێكۆڵینەوەكان لەبارەی هێرشەكان و وەرگرتنی رێوشوێنی پێویست.