رۆژنامەی شەرق ئەوسەت ئاشكرای دەكات، عێراق پێشنیارێكی بە ئەمەریكا داوە و داوای لێ كردووە رەزامەندیی بدات لەوەی حەشدی شەعبی لە پێكهاتەی وەزارەتێك رێكبخرێنەوە، كەچی واشنتن ئەو داواكارییەی فەرامۆش كردووە و بە پلەبەرزكردنەوەی میلیشیاكانی دەزانێت.
ئەمڕۆ پێنجشەم 21ی ئایار، رۆژنامەی شەرق ئەوسەت زانیاریی لە سەرچاوە عێراقییەكان وەرگرتووە كە باس لەوە دەكەن، جەنەراڵ دیڤید پەترایۆس فەرماندەی پێشووی سوپای ئەمەریكا لە عێراق، سەرپەرشتیی پرۆسەی چەكدادانی میلیشیاكان دەكات و قسە لەگەڵ بەرپرسانی عێراق دەكات، راسپاردە و پێشنیازەكانیان وەردەگرێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی حەشد.
لە هەندێك وردەكاریدا هاتووە، سەرەتا هێزەكان چەكی قورس و مامناوەند رادەستی دەزگاكانی ئاسایشی عێراق دەكەنەوە، دواتر ئەو كەسانە دوور دەخرێنەوە كە لە هێرش دژ بە ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی بەشدار بوون. هەر بەگوێرەی زانیارییەكانی شەرق ئەوسەت، عەلی زەیدی سەرۆكی حكوومەتی عێراق ئەگەری هەیە سەردانێكی ئەمەریكا بكات و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا تاوتوێی ئەو بابەتە بكات.
رۆژنامەی شەرق ئەوسەت ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، بەرپرسانی عێراق پرسیاری ئەوەیان لە پەترایۆس كردووە، ئایا پشتیوانییەكی تەواو هەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی لێكەوتەی هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاكان. سەرەڕای ئەمەیش باس لەوە كراوە ئەمەریكا پێشنیاری عێراقی رەت كردووەتەوە لەبارەی پێكهێنانی وەزارەتێك كە تێیدا هەموو میلیشیاكان رێك بخرێنەوە، ئەمەریكا ئەمەیش بە پلەبەرزكردنەوەی حەشدی و میلیشیاكان زانیوە.
چەند رۆژێكە میلیشیاكانی عێراق چەندان هێرشیان كردووەتە سەر وڵاتانی كەنداو و ئوردن، سەرچاوەكانی رۆژنامەی شەرق ئەوسەت باس لەوە دەكەن، ئەو هێرشانەی دەكرێتە سەر كەنداو، رەنگدانەوەی زیادبوونی گوشارەكانی ئەمەریكایە بۆ هەڵوەشاندنەوەی میلیشیا چەكدارەكانی عێراق. هەروەها دووپاتی ئەوەیش دەكرێتەوە بەرپرسانی ئەمەریكا بە بەغدایان راگەیاندووە، دەبێت دەسەڵاتی خۆی بە تەواوی بەسەر بڕیاری تەناهی بسەپێنێ، كۆتایی بە سەرچاوەی هەڕەشەكانی سەر ناوچەكە بهێنێ.
لەبارەی هەڵوێستی ئێران لەسەر دۆسیەی هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی، رۆژنامەی شەرق ئەوسەت باس لەوە دەكات، ئەفسەرانی سوپای پاسدارانی ئێران، هانی میلیشیاكان دەدەن بۆ ئەوەی كۆسپ بۆ هەر رێگەیەك دروست بكەن كە بەرەو هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی بێت.
رۆژی هەینی رابردوو نووسینگەی لێكۆڵینەوەی فیدراڵی ئەمەریكا "FBI" ئاشكرای كرد، محەمەد باقر سەعدی سەركردە لە میلیشیاكانی حزبوڵای گرتووە كە سەربە ئێرانە، ئەوەی جێی سەرنج بێت ئەو دەزگا ئەمەریكییە سوپاسی تۆم باراكی كردبوو، لەوەی سەرپەرشتی ئۆپراسیۆنی گرتنی سەعدی كردووە. ئەمڕۆیش رۆژنامەی شەرق ئەوسەت باس لەوە دەكات، كاتێك جەنەراڵ پەترایۆس پێشنیارەكان لەسەر هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی كۆ دەكاتەوە و دواتر بە تۆم باراكی دەدات، ئەویش بە سەرۆكایەتیی ئەمەریكای دەگەیەنێ.
ئەمەریكا و عێراق تا ئێستە بە فەرمی ددان بەوە نانێن كە جەنەراڵ پەترایۆس سەرپەرشتیی هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی دەكات، بۆ ئەم ئەركەیش سەردانی عێراقی كردووە و لەگەڵ هەریەكە لە سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری كۆ بووەتەوە. چەند رۆژێك لەمەوبەر سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا بە شەفەق نیوزی راگەیاندبوو، پەترایۆس وەك هاووڵاتییەكی ئاسایی ئەمەریكا سەردانی عێراقی كردووە، كەچی ئەمڕۆ جارێكی تر راپۆرتە رۆژنامەوانییەكە دووپات لەسەر ئەركە نوێیەكەی پەترایۆس دەكەنەوە كە ئەویش هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاكانە.