راپۆرتێك: فەرماندەی سوپای پاسداران بەسەر هەڵوێستی ئێران باڵادەستە

:: PM:05:18:21/05/2026 ‌

لە ماوەی رابردوو لە یەكێك لە لێدوانەكانی سەرۆكی ئەمەریكا ئاماژەی بۆ شڵەژان و فرەبڕیاری لەناو سەركردایەتیی ئێران كرد و ئەوانی بۆ میانڕۆ و توندڕۆكان پۆلێن كرد، لەوكاتەی چاوەكان لەسەر دەست پێكردنەوەی گەڕێكی نوێی دانوستانی ئێران و ئەمەریكان لە دوای جەژن، راپۆرتەكان ئاماژە دەكەن كە ئێستە فەرماندەی سوپای پاسداران یاریزانێكی سەرەكییە لە داڕشتنی هەڵوێستی ئێران لە دانوستانەكان.

زۆرینەی شارەزایان وای دەبینن كە ئەحمەد وەحیدی فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران بووەتە بەشێك لە بازنەی تەسك و راستەوخۆی پێوەندیكردن و بڕیاردان لەگەڵ موجتەبا خامنەیی رابەری باڵای ئێران، واتە بووەتە لایەنێكی سەرەكی لە داڕشتنی هەڵوێستی وڵاتەكە لە گفتوگۆكان لەگەڵ ئەمەریكا.

پەیمانگەی توێژینەوەی شەڕ لە واشنتن ئاماژە دەكات، پێشبینی دەكرێت وەحیدی و بازنە نزیكەكەی نەك تەنیا بەسەر وەڵامدانەوەی سەربازییانەی ئێران، بەڵكو دەستیان بەسەر سیاسەتی دانوستانەكانیش گرتووە، وەك ئەمڕۆ پێنجشەم ئاژانسی "ئەسیۆشێتید پرێس"، ئاماژەی بۆ كردووە.

كینیش كاتزمان شارەزا لە كاروباری ئێران دەڵێت، وەحیدی دەستی بە پرەنسیپی بەردەوامیی شۆڕش و بەرگری گرتووە، ئەو وای دەبینێت كە پێویستە ئەمەریكا لەهەر هەنگاوێك لە دژی ئێران رووبەڕووی ئاڵنگاری ببێتەوە، رەنگە ئەوەش بەرجەستەی توندیی هەڵوێستی ئێران لەبارەی رەتكردنەوەی گواستنەوەی یۆرانیۆمە زۆر پیتێنراوەكەی بۆ دەرەوەی ئێران بكات و گرەو لەسەر توانای بەرگەگرتنی هەر هێرشێكی تری ئەمەریكا بكات.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل