سوپای ئەمەریكا ئاراستەی 98 كەشتیمان لە كەنداو گۆڕیوە

:: PM:05:45:21/05/2026 ‌

لە 13ی نیسانی رابردوو لە دوای راگەیاندنی ئاگربەستی شەڕِی ئێران و شكستهێنانی یەكەم گەڕی دانوستانەكانی ئێران و ئەمەریكا بۆ گەیشتن بە وەستانی شەڕ لە ئیسلام ئاباد، هێزی دەریاوانیی ئەمەریكا گەمارۆیەكی توندی خستە سەر بەندەرەكانی ئێران و تا ئێستەش بەردەوامە، ئەوەش بە مەبەستی ناچاركردنی ئێران بۆ كردنەوەی گەرووی هورمز، كە تا ئێستە نیوچە داخراوە، ئەمڕۆ سوپای ئەمەریكا رای گەیاند كە تا ئێستە ئاراستەی 98 كەشتییان گۆڕیوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریكا لە بەیاننامەیەكدا دووپاتی كردەوە كە ئەوان لە گەمارۆ دەریاییەكەی سەر بەندەرەكانی ئێران بەردەوامن و تا ئێستە ئاراستەی 98 كەشتیی بازرگانیان گۆڕیوە و چوار كەشتیشیان پەك خستووە.

دوێنێ چوارشەم ئیسماعیل بەقائی گوتەبێژ بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رای گەیاند، سەبارەت بە گەرووی هرمز، ئێران لەگەڵ سوڵتاننشینی عومان وەك وڵاتێكی هاوكەناری گەرووی هورمز لەبارەی هاتوچۆی گەرووەكە هاوئاهەنگە، هاوكات ناكرێ رێگە بە ئەمەریكا و ئیسرائیل بدرێت بۆ تێپەڕبوون، ئەوەش بەهۆی كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، لەوكاتەی رێگە بە تێپەڕبوونی كەشتییەكانی چەندان وڵات بە سەلامەتی دەدرێت.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل