ماڵپەڕی حوڕە ئاشكرای دەكات ئێستە وڵاتانی كەنداو لەسەر ئاستی بەرز مامەڵە لەگەڵ حكوومەتی نوێی عێراق ناكەن و پێشبینیش دەكرێت بە هۆی هێرشی میلیشیاكانەوە پێوەندی دیپلۆماسی خۆیان لەگەڵ عێراق بپچڕێنن.
ئەمڕۆ هەینی 22ی ئایار ماڵپەڕی كەناڵی حوڕە لێدوانی لە بەرپرسێكی عێراقی وەرگرتووە كە ئاشكرای دەكات، وڵاتانی كەنداو ئێستە وەك جاران لەسەر ئاستی بەرپرسانی باڵا مامەڵە لەگەڵ حكوومەتی نوێی عێراق ناكەن، بە هۆی ئەوەی حكوومەتی عێراق هیچ ئەنجامێكی لێكۆڵینەوەی لەو هێرشانە ئاشكرا نەكردووە كە لەلایەن میلیشیاكانەوە دەكرێنە سەر وڵاتانی كەنداو.
بەرپرسە عێراقییەكەی لێدوانی بۆ حوڕە داوە ناوی ئاشكرا نەكراوە، بەڵام باس لەوە كراوە لە رابردوودا ئەو بەرپرسە پێوەندییەكی زۆری لەگەڵ وڵاتانی كەنداو هەبووە هەر ئەویش دەڵێ، "بە كەناڵی فەرمی و نافەرمی پەیامی كەنداو بە عێراق گەیشتووە، هۆشداری پێدراوە ئەگەر هێرشەكان بەردەوام بێت و كەسیش لە تاوانباران سزا نەدرێن، ئەوا شاندە دیپلۆماسییەكانی كەنداو لە بەغدا دەكشێنەوە".
بەرپرسەكە دووپاتی دەكاتەوە، "كەنداو بە نیگەرانی لە عێراق دەڕواتێت و ئەگەریش شاندەكانیان بكێشنەوە لەوانەیە پێوەندییەكە بە شێوەیەكی كاتی یان بۆ ماوەیەكی درێژ بپچڕێت و حكوومەتی زەیدیش لەمە دەترسێ بۆیە هەوڵ دەدات سعوودیە و ئیمارات بەوە رازی بكات گوایە رژدە لە مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو دۆسیەیە".