دوو ساڵ دوای مردنی ئیبراهیم رەئیسی سەرۆكی پێشووی ئێران، محەمەد موخبر راوێژكاری عەلی خامنەیی رابەری پێشووی ئێران جارێكی تر دۆسیەكە هەڵ دەداتەوە و دەڵێ، "تا ئەمڕۆ باوەڕم بەوە نەبووە فڕۆكەی سەرۆك بە رووداوی سروشتی تێكشكا بێت و لەوانەیە دەستكاری تەكنیكی فڕۆكەكە كرا بێت".
لە دیمانەیەكی تەلەڤزیۆنی محەمەد موخبر راوێژكاری عەلی خامنەیی رابەری پێشووی كۆماری ئیسلامی ئێران، جارێكی تر باس لە رووداوی تێكشكانی فڕۆكەی ئیبراهیم رەئیسی سەرۆكی پێشووی ئێران دەكات و دەڵێ، "تا ئەمڕۆ هەرگیز باوەڕم بەوە نەبووە رووداوەكە سروشتی یان تەنیا رووداوێكی ئاسایی بێت".
لە 19ی ئایاری 2024 لە كاتی سەردانێكی بۆ ئازەربایجان ئیبراهیم رەئیسی سەرۆكی ئێران و ئەمیر عەبدولهیان وەزیری دەرەوە و حەوت كەسی تر، لە ناوچەیەكی شاخاوی لە باكوری رۆژئاوای ئێران فڕۆكەكە تێكشكا و هەموویان گیانیان لە دەست دا. دوای مردنی رەئیسی محەمەد موخبر بۆ ماوەیەك كرایە سەرۆكی كاتی دواتر ئێران بە فەرمی رای گەیاند هەلیكۆپتەرەكە لە ئەنجامی نالەباری كەشوهەوا تێكشكاوە.
ئەو كات لەسەر ئاستی نافەرمی وا بڵاوكرایەوە، رووداوەكە بەهۆی هێرشێكی نەیارەوە بێت، ئەمڕۆ محەمەد موخبریش دەڵێ، "ئەو كات ئەو نیگەرانییەم بە عەلی خامنەیی رابەری پێشوو گەیاند، پێموایە دەستوەردانێك كرا بێت، یان دەستكاری تەكنیكی فڕۆكەكە كراوە".