سەباح نوعمان گوتەبێژی عەلی زەیدی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق، هەندێك زانیاری لەسەر لیژنەی لێكۆڵینەوە لە هێرشی میلیشیاكان بۆ سەر وڵاتانی كەنداو ئاشكرا دەكات و دەشڵێ، "دەبێت تەنیا دەوڵەتی هێز و بڕیاری هەبێت و پرۆسەی چەككردنیش دروشمی سیاسی نییە بەڵكو ستراتیجە".
ئەمڕۆ هەینی 22ی ئایار سەباح نوعمان لە لێدوانێكی بۆ
ئاژانسی هەواڵی عێراق ئاشكرای دەكات بە فەرمانی عەلی زەیدی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان لیژنەیەك پێكهاتووە و خەریكن شیكردنەوە بۆ زانیارییەكان دەكەن لەبارەی ئەو هێرشانەی كراونەتە سەر ئیمارات و سعوودیە.
نوعمان دووپاتی دەكاتەوە هەر كاتێك لێكۆڵینەوەكان تەواوبوون ئەوا ئەنجامەكان بە تەواوی رادەگەینرێن. دەشڵێ، "ئاسایشی برایانمان هێڵی سوورە" سەبارەت بەوەی چەك تەنیا دەبێت بە دەست دەوڵەت بێت سەباح نوعمان دەڵێ، "ئەوە دروشمی سیاسی نییە و بەڵكو ستراتیجە و دەبێت تەنیا دەوڵەت خاوەن هێز و بڕیار بێت".
لە چەند رۆژی رابردوودا چەندان جار لە خاكی عێراقەوە هێرش كرایە سەر ئوردن و ئیمارات و كوێت و سعوودیە، ئەو وڵاتانەیش بە فەرمی میلیشیاكانی عێراقیان تۆمەتبار كرد.