بەڕێوەبەری هەواڵگری نیشتمانی ئەمەریكا دەستی لە كار كێشایەوە

:: PM:09:28:22/05/2026 ‌
تولسی گابارد بەڕێوەبەری هەواڵگری نیشتمانی ئەمەریكا دەستی لە كار كێشایەوە، هەر چەندە ئەو پێشتر لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا ناكۆك بوو، بەڵام بە فەرمی دەگوترێت هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەی بە هۆی نەخۆشی هاوسەرەكەیەتی، كە تووشی شێرپەنجە بووە.

ئەمڕۆ هەینی 22ی ئایار تولسی گابارد بەڕێوەبەری هەواڵگری نیشتمانی ئەمەریكا دەستی لەكار كێشایەوە و بەگوێرەی ئەو زانیارییانە فەرمییانەی بڵاوكراونەتەوە، هاوسەرەكەی تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بووە، بۆیە دەیەوێ‌ بایەخی پێ بدات و ئەمەیش هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەكەیەتی.

لە پەیامێكدا گابارد سوپاسی حكوومەتی ئەمەریكا كردووە كە ماوەی ساڵ و نیوێك متمانەی پێكراوە و پۆستەكەی پێ دراوە.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە پەیامێكدا بە داخ بوو بۆ دەستلەكاركێشانەوەی گابارد و رای گەیاند ئارۆن لۆكاسی جێگری یەكەم گابارد پۆستەكە بەڕێوە دەبات.

لە ماوەی رابردوودا چەندان جار ناكۆكی لە نێوان ترەمپ و گابارد دەركەوت، بە تایبەتی لە دۆسیەی ئێران كاتێك گابارد گوتی، "هیچ بەڵگەیەك نییە كە ئێران هەوڵی بەدەستهێنانی چەكی ئەتۆمی بدات".
 



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل