سی بی ئێس نیوز: ئەمەریكا ئامادەكاری بۆ هێرشكردنە سەر ئێران دەكات

:: AM:09:24:23/05/2026 ‌
سەرچاوە ئاگادارەكان دووپاتیان كردەوە، مانەوەی ترەمپ لە واشنتن لە پشووی كۆتایی هەفتە و بەشدارنەبوونی لە ئاهەنگی بووكگواستنەوەی كوڕەكەی، هۆكارەكەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئەمەریكا ئامادەكاریی تەواوی بۆ دەستكردنەوە بە هێرشكردنە سەر ئێران دەكات.

تۆڕی سی بی ئێس نیوزی ئەمەریكی بڵاوی كردووەتەوە، تا شەوی ڕابردوو هیچ بڕیارێكی كۆتایی لەبارەی دەستكردنەوە بە بۆردمانكردنی ئێران نەدراوە، بەڵام سەرۆك ترەمپ لە پۆستێكی لە تۆڕی تروس سۆشیال ئاماژەی دا، بەهۆی كاریی تایبەت بە حكوومەتەوە، ناتوانێ بەشداری لە ئاهەنگی بووكگواستنەوەی كوڕەكەی "جۆنیۆر دۆناڵد ترەمپ" لە كۆتایی ئەم هەفتەیە بكات.

پێشتر ترەمپ پلانی دانابوو لە كۆتایی هەفتە كە ڕۆژانی شەموو و یەكشەم دەگرێتەوە، لە یاریگەی گۆلف و باخچەكەی لە نیوجێرسی بەسەر ببات، بەڵام ئێوارەی دوێنێ گەڕایەوە كۆشكی سپی.

چەندان سەرچاوە دووپاتیان كردەوە، بەشێك لە ئەندامانی سوپای ئەمەریكا و هەواڵگری، پلانی پشووی كۆتایی هەفتەی خۆیان هەڵوەشاندووەتەوە، چونكە ئەگەری زۆرە لە پشووی كۆتایی هەفتە هێرش بكەنەوە سەر ئێران.

بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری و هەواڵگری، دەستیان بە داوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە دامەزراوەكانی ئەمەریكا لە دەرەوە و گەڕانەوەی بەشێك لە هێزەكانی ئەمەریكایش لە ناوچەكە كردووە، لە میانەی هەوڵەكان لە چوارچێوەی كەمكردنەوەی سەربازانی ئەمەریكا لە ناوچەكە، تا لە ئەگەری وەڵامدانەوەی ئێران پارێزراو بن.

ئانا كێلی گوتەبێژی كۆشكی سپی بۆ سی بی ئێس نیوز گوتی، سەرۆك ترەمپ هێڵی سووری خۆی بە ڕوونی داناوە، بەوەی كە نابێ ئێران ببێتە خاوەنی چەكی ئەتۆم و یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئاستبەرزی لا بمێنێتەوە و ئێستەیش هەموو بژارەكان لە بەردەم سەرۆك بەردەستن، ئەركی پنتاگۆنیشە كە لەوپەڕی ئامادەباشیدا بێت، بۆ جێبەجێكردنی هەر بڕیارێك لەلایەن فەرماندەی گشتی باڵای هێزە چەكدارەكانی ئەمەریكاوە دەردەكرێت.


وشە - باز ئه‌حمه‌د